تورکیا بۆ عێراق: ئامادەین دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەین
بە گوێرەی راپۆرتێکی پێگەی “عێراق ئۆیل ریپۆرت”، رۆژی دووشەممە 2ـی ئۆکتۆبەری 2023، کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی تورکیا ناسراو بە “بۆتاش” نامەیەکی بۆ هاوتا عێراقیەکەی “سۆمۆ” ناردووە و، بە شێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا لەناو خاکی تورکیا ئامادەیە بۆ گواستنەوە، بارکردن و کۆگاکردنی نەوت.
لە بەشێکی دیکەی نامەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی تورکیادا ئاماژە بەوە دراوە، “لە رۆژی چوارشەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەکرێت هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکات”.
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی وزە لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بە فەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هەرچەندە چەندین جار بەرپرسانی هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیا ئامادەیی خۆیان بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە و، بە گوتەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەستانی هەناردەی نەوت، بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیانی بە حکومەتی عێراق گەیاندووە.