مهسرور بارزانی: بەكارهێنان و بازرگانیكردن به ماددهی هۆشبهر، له ههڵكشاندایه و ئهمه زهنگی مهترسییه بۆ كۆمهڵگهكهمان
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ”بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان” لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسەکەدا وتارێک پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ماددە هۆشبەرەکانە.
دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز رۆژتان باش
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە كۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان) ئامادەم، دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم كۆنفرانسە دەكەم كە تایبەتە بە یەكێك لە مەترسیدارترین دیاردەكانی ئەم سەردەمە.
بەپێی ئامارەكانی بەردەست، بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان لە هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوە دایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ كۆمەڵگەكەمان. حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بەڕژدی و بە بەرفراوانی كار لەسەر قەڵاچۆكردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەكات و هەموو هەوڵێك دەخاتە كار بۆ ئەوەی رێگە لە تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت.
لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەر و كارتێكەرە عەقڵییەكان لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرا كە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەماهەنگ و هاوكار بن بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاسایە.
بەڕێزان
كێشەی ماددە هۆشبەرەكان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێكی جیهانییە و زۆر لە كۆمەڵگەكان پێیەوە گیرۆدە بوون. بەداخەوە عێراق و هەرێمی كوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەكانی بەدەر نین. بێگومان ماددەی هۆشبەر هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بە كەسی بەكارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵكوو زیانی كۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت كایەكانی كۆمەڵگە دەدات و هۆكارێكی سەرەكییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی.
هەرێمی كوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتی دەكرێت و هەوڵی لاوازكردنی دەدرێت كە یەكێك لە شێوازە مەترسیدارەكان ماددە هۆشبەرەكانن و یەكێكە لەو چەكانەی كە بە شارەزا و ئاشكرا بۆ مەبەستی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستیی گەنجەكانمان بەكار دەهێندرێت، بۆیە دەبێت بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونكە هەڕەشە و مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە.
مافیاكان و بازرگانە تاوانبارەكان، هەرێمیان كردۆتە بەشێك لە پیلانە نەگریسەكانیان، هەوڵدەدەن و كار دەكەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵكەوتەی جوگرافیی هەرێمی كوردستان وەربگرن وەك دەروازەیەك بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەكان بۆ شوێنەكانی تر. بۆ ئەم مەبەستەش رێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر بۆ بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان. ئەمەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی لە هەرێمەكەمان ژمارەی ئاڵوودەبوان لە هەڵكشاندا بێت.
بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناكانیان، بەردەوام بن لە ئەركی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پیلانە مەترسیدارەكانیان سەر بگرێت.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین كە بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناكۆكەكان و ناوچەكانی ماددەی 140، واتە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان لەو ناوچانە هۆكاری ناسەقامگیرین و ڕێگریش دەكەن لەوەی هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان ببنەوە، بگرە بەداخەوە كە هەندێك لەو گرووپە چەكدارانە خۆیان بەشێكن لە بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان.
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكیان چڕ كردۆتەوە بۆ دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان، كە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشییان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتنیان لەم ئەركە پیرۆزەدا بۆ دەخوازم، هەموو پشتیوانییەكی خۆم و حكومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ دووپات دەكەمەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاریی هەموو چین و توێژ و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، بە هاوكاریی وڵاتانی هاوسێ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كار بكەن لە پێناو ئەوەی سەرچاوەكانی ئەو پەتایە وشك بكرێت، چونكە ئەمە پێویستیی بە هاوكاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەكان هەیە.
ئێمە لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانمان پێكهێناوە كە ژمارەیەك وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە. لە هەمان كاتدا سندووقێكیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دروست كراوە. لە لایەكی دیكەوە لە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ، بەشێك تایبەت كراوە بەو راسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان). بەستنی ئەم كۆنفرانسەش بەشێكە لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی ئەم پلانە بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەك و خێراكردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی كە رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە رێگەی دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی یاسا بەركارەكان.