وەزارەتی پەروەردە بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان راسپێردرا

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی جیاجیا بەرەنگاریی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەبێتەوە و لە رووی هۆشیارییشەوە، وەزارەتی پەروەردەی بۆ هەڵمەتی هۆشیاریی زانستی لەبارەى بەرەنگاربوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان راسپاردووە.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:” بە پێی نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١١ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ بڵاوکردنەوەى هۆشیاریی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەندەکانی خوێندن و کۆمەڵگە راسپێردراوە.

لەو نووسراوەدا ئەوەش هاتووە: “لە ماوەى ٣٠ رۆژدا پلان و نەخشەڕێگەى وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بکرێتەوە، تاکوو کارى لەسەر بکرێت.”

فەرمانگەى میدیا و زانیاری راشیگەیاندووە:” ماددە هۆشبەرەکان لەسەر لایەنی تەندروستیی هاووڵاتییان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەڕەشەی گەورەن، بۆ بەرگرتن بەم دەرەنجامە نەخوازراوانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە پرۆسەى بەرەنگاریی یاسایی و ئاسایشی، دەیەوێت لەڕووى هۆشیاریی کۆمەڵایەتیشەوە هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە.

Back to top button