شەش ساڵ بەسەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر تێدەپەڕێت
ئەو خیانەتەی بووە هۆکاری لە دەستدانی 51%ی خاکی کوردستان
شەش ساڵ بە سەر خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا تێدەپەڕێت، ئەو خیانەتەی بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، جیا لەو زیانە مادییانەی بەر هاووڵاتیانی کورد کەوت لەو ناوچانەی کە داگیرکران، زیاتر لە 200 هەزار هاووڵاتیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە تاوەکو ئێستا بەشێکیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و قەرەبووش نەکراونەتەوە.
ئەو پارچەیەی نیشتیمان، کە لە شەڕی داعش بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگە لە چنگی چەکداران رزگارکرابوون و پارێزگاریان لێدەکرا، لەکاتی ئەو خیانەتە بەشێک لە پێشمەرگەکان لەو رۆژەدا بۆی گریان.
16ی ئۆکتۆبەری 2017، گرووپێکی ناو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ گرووپە ملیشیاکانی عێراق دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان رێککەوتن و بووە هۆی پەلاماردانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەو رۆژەدا شاری کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و رووبەرێکی بەرفراوانی کوردستان لەلایەن گرووپە میلیشیاکان و بە پشتیوانی لایەنی دەرەکی دەستیان بەسەردا گیرا.
لە 16 ئۆکتۆبەردا ژمارەیەک هاووڵاتی شەهید و برینداربوون و نزیکەی 200 هەزار کەسیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، کە بەشێکی زۆریان تاوەکوو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی زۆر لە خانوو و ماڵی هاووڵاتیانی کورد تەقێندرانەوە و سووتێنران، بەپێی ئاماری رێکخراوی جەماوەری خورماتوو لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017 رۆژانی دواتری، 88 خانوو تەقێندراونەتەوە، زیاتر لە 300 ماڵیش سووتێنراون و نزیکەی دوو هەزار و 500 ماڵ تاڵانکراون، دوو بازاڕی گەورەی قەزاکەش بە تەواوی دوای تاڵانکردنیان، سووتێندراون. هەروەها لە شاری کەرکووك و چەند ناوچەیەکی دیکەدا بارەگای پارتە سیاسییەکان، بە تایبەت بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تاڵانکراو دواتریش سووتێندران.
دوو رۆژ دوای خیانەتەکەی 16 ئۆکتۆبەر، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، کە ئەو کات جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بوو، لە پەیامێکدا رایگەیاند: ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە.
دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان بەردەوام بوو، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان، لە 20 ئۆكتۆبەری 2017 دا لە پردێ و سحێلا سنوورێکی لەبەردەم هێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داناو داستانێکی خۆڕاگریی و مێژوویان تۆمارکرد، کۆتاییان بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هێنا.