رۆژێك پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، لە كۆبوونەوەی دووكان چ پرسیارێك لە یەكێتی كراوە؟
سەرۆك بارزانی لە كتێبی (بۆ مێژوو) ئاشكرای دەكات، رۆژێك پێش خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، لە كۆبوونەوەی دووكان، پرسیاری ئەوە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كراوە كە ئاخۆ رێككەوتنیان لەگەڵ ئەو لایەنانە كردووە كە ویستی داگیركردنی كوردستانیان هەیە؟ لە وەڵامدا ”چ ئەوانەی رێککەوتنیان کردبوو و ئەوانەشی ئاگایان لە رێککەوتن نەبوو، گوتیان ئاگامان لە رێککەوتن نییە.
سەرۆك بارزانی، لە لاپەڕەكانی 111 و 112ی بەرگی كتێبی (بۆ مێژوو) چەند نهێنییەكی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری 2017 ئاشكرا كردووە كە ئەمڕۆ شەش ساڵی تەواو بەسەر ئەو كۆبوونەوەیەدا تێپەڕ دەبێت و نووسیویەتی: ”لە 15ی ئۆکتۆبــەری 2017، لە ماڵی خوا لێی خۆش بێ مام جەلال لە ھاوینەھـەواری دووکان بەشداری کۆبوونـەوەی ھەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیم کرد. لە کۆبوونەوەکەدا برادەرانی یەکێتی باسی پێشنیازێکیان کرد کە بۆ ھەماھەنگی نێوان ھەر سێ لا، ھێزێکی پێشمەرگە و ھێزێکی ئەمریکی و ھێزێکی عێراقی لە سەربازگەی (K1)ی کەرکووک جێگیر بن و بۆ ئەوەی شەڕ لە کەرکووک دوور بکەوێتەوە، لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆماریش شاری کەرکووک بپارێزێ. زۆر روون بوو کە ئەمە راست نییە، چونکە بابەتی ھەماھەنگی شتێکی ئاسایی بوو و پێشریش لە زۆر شوێن بنکەی ھەماھەنگی نێوان ھێزە ئەمریکییەکان و پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان ھەبوو. جگە لەوەش زۆر زەحمەت بوو کە رێگە بدەن لیوای پاسەوانی سەرۆک کۆمار بێتە کەرکووک.“
سەرۆك بارزانی ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ”ھەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکەی دووکان، دیار بوو کەشوھەوایەکی ناسرووشتی لای برادەرانی یەکێتی ھەیە. دوای ئەوە نێچیرڤـان بارزانی کە ئەو کات سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بوو، پرسیاری لێ کردن کە ئایا ھیچ رێککەوتنێکتان کردووە؟ لە وەڵامدا چ ئەوانەی رێککەوتنیان کردبوو و ئەوانەشی ئاگایان لە رێککەوتن نەبوو، گوتیان ئاگامان لە رێککەوتن نییە.
کەچی دواتر دەرکەوت ھەندێ کەسی ناو یەکێتی رێککەوتنیان بە بێ ئاگاداریی دامەزراوەکان و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و سەرکردایەتی کوردستان کردبوو. تەنانەت بەشێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش ئاگای لەم رێککەوتنە نەبوو کە بــە ھۆیەوە کەرکووک رادەستی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ئێرانی و عێراقی کرا.
هەروەك ئاماژەشی بەوە داوە كە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی دووکان، بڕیار درا سەرکۆمار دەستبەجێ بگەڕێتەوە بەغدا بۆ مەبەستی هەماهەنگی و گفتوگۆی بنیاتنەرانەی نێوان هەرێم و بەغدا. سەرۆك كۆمار گەڕایەوە بەغدا، بەڵام لە بەغدا كەس ئامادە نەبوو لەگەڵیدا دابنیشـێت. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەی دووكان راگەیێندراوێكی هاوبەشی هەردوو حیزب دەرچوو.