قاسم شەشۆ: سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی شنگال دووپاتکردەوە

رۆژی دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

قاسم شەشۆ لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ فەرماندەی شنگال و خەڵکی شارەکە دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە، “پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە لە شنگال گوتیشی “سەرۆک بارزانی گرنگی تایبەت بە خەڵکی شنگال دەدات و بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئاوارەکانی شنگال کە لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، دەکات. سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە، هەموو هەوڵێک لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای شنگال و کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن”.

باسی لەوەشکرد “ئێستا چەندین گرووپی چەکداری لە یاسادەرچوو لەنێو شنگال هەن و شارەکەیان داگیرکردووە، هەر ئەوانن رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە و هاووڵاتییانمان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان دەکەن، بۆیە پێویستە ئەو گرووپە چەکدارانە لەنێو شارەکە دەربکرێن، چونکە رێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی یاسا و تا ئێستا سەدا 70ـی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕاونەتە سەر زێدی خۆیان و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چونکە ئەو گرووپە چەکدارانەی دەسەڵاتی شارەکەیان گرتووەتە دەست، رێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن. تەنانەت ئەوانەی لە شنگالیش ماون، رۆژانە شارەکە بەجێدەهێڵێن، چونکە هەست بە ئارامی ناکەن و ژیانیان لە مەترسیدایە”

Back to top button