وەزارەتی تەندروستی ڕەتی کردەوە کرێ خرابێتە سەر ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەنگۆی وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر خزمەتگوزاریی گواستنەوەى نەخۆش بە ئەمبوڵانس ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: “هەواڵەکە راست نییە”.

د. سەرکار سورچی، گوتەبێژى وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە: “لە یەكێك لە دیجیتاڵمیدیاکانی هەرێمی کوردستان، هەواڵێكی چەواشەكارانە و دوور لە ئیتیکی میدیایی بڵاو كراوەتەوە کە گوایە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بووە بە پارە و نرخی بۆ دانراوە، هاووڵاتییانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە ئەم هەواڵە دوورە لە راستی و گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن بە شەو و بە رۆژ و لە هەموو هەفتەدا بێبەرانبەرە.”

ئەوەشی گوتووە: “سەرباری ئەوەش، بە پێی رێنماییەكی وەزارەتى تەندروستی ڕێگە دەگیرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لە لایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی) و نرخەكان بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان كەم كراونەتەوە و یەك خراون.”

Back to top button