فراكسیۆنی پارتی بەتووندی وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوویان دایەوە
خواكوڕك
لەراگەیاندراوێك كە وێنەیەكی دەست خواكوڕك كەوتووە، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی وەڵامی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیان دایەوە، لە راگەیاندراوەكە دا هاتووە، بەر لە چەند ڕۆژ ئەبووبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرنامەی تاوتوێی كاناڵی ئێن ئارتیدا چەند بۆچوونێكی نابەجێی لەبارەی فشارخستنەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی لەڕێگەی گرتنەوەی نەوت و گازی سلێمانی و دروستكردنی پشێوی لە دەڤەری بادینان خستووەتەڕوو.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، چاوەڕێی ئەوە بووین كە سەركردایەتیی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی ئەم پارلەمانتارەی بدات كە بۆچوونی تێكدەرانە و نانیشتیمانییانەی لەمجۆرە تەعبیر لە ڕای ڕەسمیی یەكگرتوو ناكات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ڕوونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی پارلەمانتارەكەیان نەدراوە.
دەقی راگەیاندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی سهرۆکی فراکسیۆنی یەكگرتوو دەداتەوە
بەر لە چەند ڕۆژ ئەبووبەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە بەرنامەی تاوتوێی كاناڵی ئێن ئارتیدا چەند بۆچوونێكی نابەجێی لەبارەی فشارخستنەسەر حكوومەتی هەرێم و پارتی لەڕێگەی گرتنەوەی نەوت و گازی سلێمانی و دروستكردنی پشێوی لە دەڤەری بادینان خستووەتەڕوو.
چاوەڕێی ئەوە بووین كە سەركردایەتیی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی ئەم پارلەمانتارەی بدات كە بۆچوونی تێكدەرانە و نانیشتیمانییانەی لەمجۆرە تەعبیر لە ڕای ڕەسمیی یەكگرتوو ناكات بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا ڕوونكردنەوەیەك لەسەر وتەكانی پارلەمانتارەكەیان نەدراوە.
بۆیە بە پێویستمان زانی ئەوە ڕوون بكەینەوە كە ئەبووبەكر هەڵەدنی هەمیشە ڕۆڵێكی تێكدەرانەی هەبووە و هیچ كاتێك لە وێستگەی چارەسەركردنی گرفتەكاندا نەبووە بەڵكو هەمیشە هەوڵی داوە بە دەربڕینی نابەجێ كێشەكان قووڵتر بكاتەوە. لەگەڵئەوەیشدا هەردەم ڕایەكی پێشوەختە و پڕ قینشی لەبەرانبەر پارتیدا هەبووە.
ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی دەریبڕیون جگە لە تێكدان و پشێوی هیچ مانایەكی دیكەی نییە و پەیوەندی بە داواكاریی خەڵكەوە نییە و قسەكانیشی زۆر لە خۆی گەورەترن. ئەگەر ئەبووبەكر و هاوشێوەكانی وا بیردەكەنەوە كە لەڕێگەی فشار بۆسەر ژیان و ئاساییشی خەڵك بڕیار بەسەر پارتیدا دەسەپێنن با بێن خۆیان تاقی بكەنەوە.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
27-3-2017