پارێزگاری هەولێر داوایەك لە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان دەکات
پارێزگاری هەولێر داوایەك لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانان دەكات، شەڕی پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە) و توركیا لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەهۆی ئەو شەڕەوە زیانێكی گەورە بە ناوچە گەشتیارییەكان گەیشتووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راگەیاند: دەیان ناوچەی گەشتیاری لە کوردستان و سنووری پارێزگای هەولێر هەن كە دەتوانرێت بخرێتە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان، بەڵام بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە بوونەتە ناوچەی جەنگ.
روونیشی كردەوە كە ئەم شەڕەی پەكەكە و توركیا زیانێکی زۆری ئابووری لە هەلێر داوە، ”ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەکەین، لەگەڵ هاوپەیمانان، بەپێی یاسای گەشتیاریی جیهانی مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچانە بکەن و ئاگری شەڕی لێ دووربخەنەوە، چونکە ئەم ناوچانە شوێنێکی گرنگی گەشتیارین.
جەختیشی كردەوە: بەهۆی پەکەکەوە زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچانە، ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و هیچ کۆمپانیایەکی تایبەت بە گەشتیاریش ناتوانێت لەوێ خزمەتگوزاری بکات، بەداخەوە ساڵانە بەو هۆیەوە پارەیەکی زۆر لە كیس کوردستان و هەولێر دەچێت.