وەزیری دارایی کاتی گەیشتنی 700 ملیارەکە و دابەشکردنی مووچەی راگەیاند
وەزیری دارایی کاتی گەیشتنی 700 ملیارەکە و دابەشکردنی مووچەی راگەیاند و زانیاری نوێشی لەبارەی مووچە و بودجە و شایستەداراییەکانی کوردستان ئاشکرا کرد.
ئاوات شێخ جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاسۆی چارەسەری کێشەکان دەرکەوتوون و پێشتر زانیاریی نادروست بە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق درابوو.”
راشیگەیاند: “دڵخۆشم بە ئەنجامی کۆبوونەوەکە و ئەرکی ئێمەیە داکۆکی لە مووچەخۆران بکەین و داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قبووڵ کران و رەزامەندیی وەرگرت و هەموو پڕوپاگەندەکانی پێشووش کە هەبوون، پووچەڵ کرانەوە.”
دەشڵێت: “لێکتێگەیشتنی باش هەیە، کە مووچەی فەرمانبەران لە ئینفاقی فیعلی بەدەر بکرێت و مووچە لە رێی ئەو بانکانەوە دابەش بکرێت، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە متمانەیان پێ دراوە، بابەتی (هەژماری من)، کە بە ئاگاداریی بانکی ناوەندی و حکومەتی فیدڕاڵ دەکرێ، سوودی بۆ ئەو پرسە دەبێت.”
وەزیری دارایی گوتیشی: “پێشبینی دەکەین لە ساڵی نوێوە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بن.”
باسی لەوەشکرد: “لەسەرەتا یان لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پڕۆسەی ناردنی 700 ملیارەکە دەست پێدەکات و مووچەش دەدرێ.”