مه‌سرور بارزانی‌: هه‌میشه‌ شانازیی به‌ پێوه‌ندیی دۆستانه‌ی‌ كوردستان و ئوردن ده‌كه‌ین

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 19/10/2023، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاهەنگی دەرچووانی پسپۆرییە پزیشکییەکان لە هەولێر بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رای گەیاند: “دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشكییەكان دەكەم كە وەك دەزگایەكی فێركاری و راهێنان لە بواری پزیشكی كار دەكات لەپێناو پەرەپێدانی خوێندن و پسپۆڕی و پیشەیی پزیشكی و ئەنجامدانی توێژینەوە و كاركردن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ناوەندە پزیشكییە نێودەوڵەتییەكان.

ده‌قی‌ وتاره‌كه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان:
به‌ ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان
ئاماده‌بوانی هێژا، مێوانانی به‌ڕێز، ئه‌م كاته‌تان باش.
به‌خته‌وه‌رم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شدارم له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوان و راهێندراوانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییه‌ پزیشكییه‌كان، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ گشت ده‌رچوان و راهێندراوان ده‌كه‌م و هیوای سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی زیاترتان بۆ ده‌خوازم. ده‌ستخۆشی له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییه‌ پزیشكییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ وه‌ك ده‌زگایه‌كی فێركاری و راهێنان له‌ بواری پزیشكی كار ده‌كات له‌پێناو په‌ره‌پێدانی خوێندن و پسپۆڕی و پیشه‌یی پزیشكی و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ و كاركردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ناوه‌نده‌ پزیشكییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ توێژه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و توێژینه‌وه‌ گرنگانه‌ی له‌ بواری پزیشكی و ته‌ندروستیدا ئه‌نجامیان داوه‌ و ئه‌مڕۆ كورته‌یه‌كیان خسته‌ ڕوو. هیوادارم ئه‌م توێژینه‌وانه‌ سوودیان لێ وه‌ربگیرێت و ببنه‌ هۆی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ نه‌خۆشییه‌كان و باشتربوونی سیسته‌می ته‌ندروستیمان به‌ گشتی.
ڕێز و پێزانینم بۆ ئه‌نجوومه‌نی پزیشكیی ئوردنی هه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ و باوه‌ڕیی خۆیان به‌ پرۆگرام و سه‌نته‌ره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان به‌خشیوه‌، خۆشحاڵین و به‌و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگییه‌ به‌هێزه‌ی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی ئوردنیدا هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ بواری ته‌ندروستیدا. ئێمه‌ هه‌میشه‌ شانازیی به‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی و دۆستانه‌ و تایبه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و شانشینی هاشمیی ئوردنی به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی خاوه‌نشكۆ شا عه‌بدوڵای دووه‌م ده‌كه‌ین كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا پشتیوانی هه‌رێمی كوردستان بوون.
به‌ڕێزان
پزیشكی پیشه‌یه‌كی یه‌كجار پیرۆزه‌، هیوادارم پزیشكانی كوردستان له‌ ئاست پیرۆزی و گه‌وره‌یی ئه‌رك و پیشه‌كه‌یان و سوێندخواردنه‌كه‌یان بن. پزیشكی به‌ر له‌ هه‌ر شتێك، ئه‌ركێكی مرۆڤانه‌یه‌ و پێویسته‌ ئامانجه‌كه‌ی، ڕزگاركردنی ژیانی خه‌ڵك و پاراستنی ته‌ندروستییان بێت، بۆیه‌ ئومێده‌وارم هه‌میشه‌ لایه‌نه‌ مرۆیی و ئینسانییه‌كانی پیشه‌كه‌تان له‌به‌رچاو بێت.
بێگومان فێربوون كۆتایی نایه‌ت، چونكه‌ پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و مرۆڤ به‌ گشتی و له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی ژیاندا پێویسته‌ به‌رده‌وام بێ له‌ هه‌وڵی گه‌ڕان به‌ دوای زانست و زانیاری و فێربووندا، به‌ تایبه‌تیش بواری پزیشكی و ته‌ندروستی وه‌ك زۆر بواری دیكه‌ له‌ پێشكه‌وتنی به‌رده‌وامدایه‌، بۆیه‌ ده‌بێ ئێوه‌ش هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وام و بێوچان دابن له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی زانیاریی نوێ و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی گرنگ و زانستی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌ی خۆتان و مرۆڤایه‌تی به‌ گشتی بكه‌ن.
هیوادارم سوودێكی زیاتر له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیای زانستی واته‌ (بایۆ ته‌كنه‌لۆژی) وه‌ربگیرێت كه‌ ئاسانكاریی زۆر و هاوكاریی زۆرتری پزیشكه‌كان ده‌كات.
شاراوه‌ نییه‌ كه‌ كه‌رتی ته‌ندروستی له‌ كوردستان وه‌ك هه‌موو كه‌رته‌كانی تر، به‌ده‌ر نییه‌ له‌ ره‌خنه‌ و گله‌یی، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌ی نۆیه‌م، ده‌ستمان كرد به‌ پرۆسه‌یه‌كی فراوانی چاكسازی له‌ بواری ته‌ندروستیدا كرد كه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌ و هێشتا زۆر شت ماوه‌ ئه‌نجامی بده‌ین. هه‌ر بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌ چاكسازییه‌كانمان ده‌رچوونی یاسایه‌كی گرنگی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواری ته‌ندروستیی گشتی بوو كه‌ (یاسای ماف و ئه‌ركه‌كانی نه‌خۆش)ه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ساڵی ٢٠٢٠ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند كرا.
چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و كاتی ده‌وێت، هه‌روه‌ها پێویستیی به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی هه‌موان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی پزیشكان و پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستی، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك بتوانین سیسته‌می ته‌ندروستیی گشتی باش بكه‌ین و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر به‌ هاووڵاتیانمان بگه‌یه‌نین.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجییه‌كی زۆری له‌ بواری ته‌ندروستیی گشتی و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان كردووه‌. كار ده‌كه‌ین له‌پێناو باشتركردنی كوالێتیی ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی سیسته‌می ته‌ندروستیی گشتی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ جێگه‌ی متمانه‌ی زیاتری هاووڵاتیان بێت.
جارێكی دیكه‌ش پیرۆزبایی له‌ ده‌رچوان و راهێنراوان و توێژه‌ران ده‌كه‌م، هیوای پێشكه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ئێوه‌ و ئه‌نجوومه‌نی باڵای كوردستان بۆ پسپۆڕییه‌ پزیشكییه‌كان ده‌خوازم. هیوادارم هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتوو بن، كوردستانیشمان هه‌میشه‌ پارێزراو و ئاوه‌دان بێت.
زۆر سوپاس.
Back to top button