رێباز حەملان: دەمانەوێ لە چوارچێوەی دەستوور کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین

لە میانی وێبینارێکدا کە رۆژی یەکشەممە لقی ٦ی پارتی لە ئەوروپا بۆ رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئابووری رێکی خستبوو، نناوبراو لەسەر چەندین پرسی پەیوەست بە بابەتە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دوا.

لەسەرەتادا رێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت باسی لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم کرد و گوتی: “سەرۆکی حکومەت لەبەردەم پەرلەمان ئاشکرایکرد، دەیەوێ ژێرخانێکی پتەو بۆ کوردستان دروست بکرێت و تەنیا پشت بە داھاتی نەوت نەبەسترێت، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەتی ھەرێم ھەوڵیداوە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکات، بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە پشکی بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” ئێستا حکومەتی فیدڕاڵ تەنھا دان بە 682 ھەزار فەرمانبەری ھەرێمدا دەنێت کەچی ھێشتا نزیکەی 570 ھەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری دیکە ھەن و بەغدا ئامادە نییە مووچەکانیان خەرج بکات، ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی 208 ھەزار خانەنیشیمان ھەیە مووچەی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستی تایبەتیش ژمارەیان زۆرە و لە وەزارەتی دارایی ھەرێم مووچەیان بۆ دابینکراوە.

یاریدەدەری سەرۆکی حکۆمەت گوتیشی: “عێراق دەڵێ لەبەر ئەوە ناتوانین مووچەی مانگەکانی 7 و 8 بنێرین کێشەی پارەی نەختینە سیولە مان ھەیە، بەڵام وانییە لەبەر ئەوەی عێراق 120 ملیار دۆلاری یەدەگی لە بانکی ئەمریکا هەیە لەگەڵ 135 تۆن زێڕی یەدەگ”.

رێباز حەملان پێی وایە سەردانی سەرۆکی حکومەت مەسروور بارزانی بۆ بەغدا بە ئامانجی بەدەستهێنانی مووچەی مانگەکانی 7 و 8 بوو کەچی بەغدا ئامادە نییە مووچەی ئەو دوو مانگە دابین بکات، بەداخەوە دادگای پاریس لە ساڵی 2014 سکاڵای لەسەر نەوتی ھەرێم کردووە، بەڵام لە ساڵی 2023 بڕیارەکەی دەرکرد، چونکە ئەوکاتە ئێمە رەوشمان باش نەبوو، ئێمە کەوتووینەتە دووڕیانێک نە رێگە دەدرێت سەربەخۆبین نە وەک عێراقیش مامەڵەمان لەگەڵ دەکرێت، ئێمە وەک پارتی ھەرگیز ناھێڵین کوردستان بکەوێت و بەرگەی زۆر قەیرانمان گرتووە و بەرگریمان لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە.

لە کۆتایی وێبینارەکەیدا دا رێباز حەملان روونی کردەوە: کێشەی زۆرمان لەگەڵ بەغدا هەیە بەھۆی پابەندنەبوونی حکومەتی فیدڕاڵ بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، ماوەی دوو ساڵە پەیوەندییەکی دروست لە نێوان ھەردوو دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم و بەغدا ھەیە و لە ساڵی رابردوو ھەموو راپۆرتەکانی خەرجی و داھاتی نەوت پەسەندکراون، ئێمە مانگانە تەنیا بۆ مووچە پێویستمان بە 940 ملیار دینارە، سەرباری خەرجی بەکاربردن، بەڵام ماف و شایستەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە مانگانە زیاتر لە یەک ترلیۆن و 374 ملیار دینارە.

Back to top button