داستانی پردێ.. ئەو وانەیەی کە هەرگیز دوژمنانی کوردستان و حەشدی شەعبی بیریان ناچێتەوە 

رۆژی 20ی 10ی 2017، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، لە میحوەری رۆژاوای کەرکووک (جبھەی پردێ) سەربەرز و مەردانە، ھەڵۆئاسا هێرشی داگیرکەرانەی دوژمنانیان تێکشکاند و راویان نان و وانەیەکیان پێدان کە ھەرگیز لە یادیان ناچێت.

ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بە پیلانگێڕی و جووڵاندنی ھێز و بە چاوساخی و ھاوکاری گرووپە ” کاڵفام” و بە خیانەت گۆشکراوە ناسراوەکەی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دووز و خانەقین و کەرکووکی دڵی کوردستان رادەستی داگیرکەران کران، ژمارەیەکی زۆر لە ماڵی ھاووڵاتییانی رەسەنی ناوچەکە کەوتنە بەر شاڵاوی  تاڵان و سووتان و زیاتر لە 200 ھاووڵاتیش شەھید کران.

لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا ، تراژیدیایەکی نەتەوەیی خوڵقاو و تاسان و نیگەرانی و بێ هیواییەک باڵی بە سەر گشت کوردستاندا کێشا، کە لەو تەموومژە سیاسییەدا، چارەنووسی باشووری کوردستان و حکومەتەکەی بوونە جێی پرسیاری ناوخۆ و ھەرێمی و جیھانی.

لەو بارودۆخە ناخۆشە سیاسی و سەربازی و سایکۆلۆژییە دا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی 20ی ئۆکتوبەر، فەرماندەرانی ئەو ھێزە داگیرکەر و پەلاماردەرانە کە بەهۆی خەنجەری خیانەتکاران کەرکووکیان داگیر کردبوو مەست و کوێر بووبوون، بە ئامانجی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، بەرەو تێپەڕین لە شارۆچکەی ”پردێ” فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.

ریز بوونی لەشکرێکی ھەزاران کەسی ئیقلیمی، پڕچەک بە سەدان چەک و ئالیاتی جەنگی پێشکەوتووی وەک: دەبابەی ئابرامز و ھامەر و باجەر و دۆشکە و مودەرەعەی ئەمریکی و تۆپی دوورھاوێژ و کاتیۆشا و ساروخی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و لەبەرانبەریشدا، دامەزرانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەر فەرمانی میحوەری رۆژاوای کەرکووک کە بۆ رێگرتن لە پێشڕەوی داگیرکەران بەرەو ھەولێر، پەیمانی سەرکەوتن یان شەھید بوون لەو سەنگەرانەیان بەستبوو، تابڵۆی جەنگێکی مێژوویی و چارەنووسسازی نێوان کورد و داگیرکەرانی، نەخشاند بوو. ئەو رۆژە چاو و دڵ و ھەست و ھیوای ھەموو کوردستان لەسەر پردێ بوو کە پێشمەرگە وەکو ھێزی رۆژی تەنگانە و رۆژە سەختەکان، گەل و نیشتمان و پایتەختەکەی لە داگیرکەران بپارێزی.

پێشمەرگەی کوردستان و سوپای داگیرکەران رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بە توندی بە گژ یەکدا چوون.
گرمەی تۆپ و شریقەی گولـلە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت و تۆزی ھاون و زڕەی زنجیری دەبابەی دوژمن، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرتبوو. پێشمەرگە وەک چیاکان چەقیبوون و وەک داربەڕووەکان وەھا خۆیان داکوتابوو کە سینگیان ببووە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان و بەھا بەرزەکانی.

سەرەنجام بە ھەموو ئەو ناھاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی کورد و دوژمنی داگیرکەر و خاکفرۆشان هەبوو؛ پاش شەڕێکی 8 کاتژمێری بەردەوامی بێ وەستان، دوژمن نەک ھەر نەیتوانی بەرەو ئامانجە دیاری کراوەکەی پێشڕەوی بکات، بەڵکو تێکشکان و ھەڵاتن و راونران، ھەموو ئەو غروور و لە خۆبایی بوونەی بە ھۆی خیانەتەکەی تاقمەکەی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، کەڵەکەی سەر لەش و رۆحیان ببوو، پووکایەوە.

هەرچەندە هەندێک لایەن پێیان وابوو ناتواندرێت بەر بەو هێزانە بگریێت بەڵام “داستانی پردێ” ئەو راستییەی سەلماند هێزی دوژمن چەند گەورە و پڕچەک بێت خۆی بۆ ئیرادەی پۆڵاینی کوردستان ناگرێت، ئەو نەبەردییەی “پڕدێ” ھاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی نێوان 16 تا 20ی ئۆکتوبەری گۆڕی و ھەموو ئەو ئەوانەی دەست و رۆڵیان لەو پیلانگێری و لەشکرکێشیەدا ھەبوو و ئەوانەش کە وا چاوەڕێی ئاکامی ئەو ھێرشانە و بەلادا کەوتنی باڵانسی ھێز بوون، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا بە حیساباتی خۆیاندا چوونەوە.

نەبەردی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی ھەولێر و حوکمڕانی کوردستان بوو. راوەستان بوو بە رووی خیانەت و نیشتمانفرۆشی و نائومێدی دا. ھەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەرکەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی ھێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاکی کوردستان بوو. ھەروەھا بە ھێز بوونی زیاتری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان بوو. ئەو داستانە مێژووییە ھەر لە ئاستی شان و شکۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە و پووچەڵ کردنەوەی پیلانی ھاوبەشی داگیرکەران بوو. ھەر لەو کاتەشدا مایەپووچ کردنی خاکفرۆشانی بەرەی خیانەت بوو.

حەماسەی پڕ لە شانازی پردێ، لە داستانەکانی مەحموودییە و زومار و مەخموور دووپات بوونەوە و ئێستا ھەموو بەرەکانی بەرگری لە کوردستان، پردێ و مەحموودییە و زمار و مەخموورن.
لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، کە هەزاران سڵاویان لێ بێت، سڵاوی ئەمەک و وەفاداریش پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە بێت کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، خۆیان نەچەماند.

Back to top button