کەمال کەرکووکی : پێشمەرگە لە پردێ سەلماندیان کە قەڵغانی تۆکمەی کوردستانن
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکوک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەشەمین ساڵیادی داستانەکەی پردێ لە 20ی ئۆکتۆبەری 2017 بەیاننامەیەکی لەژێر ناونیشانی (داستانی پردێ.. قارەمانێتی پێشمەرگە و ئیرادەی کوردستان) بڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
ئەمڕۆ شەشەمین ساڵیادی داستانەکەی پردێیە، ئەو داستانەی قارەمانێتی پێشمەرگەی وەکو هەمیشە بە سەربەرزی هێشتەوە، کاتێک پیلانی ریسوای خیانەتکاران و ئەجێندای پاشکۆکانی هێزە نەیارەکان لەسەر بەرامبەر ئازایەتی و گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگەدا تێکشکێندران.
ئەوە بوو، نە تانکی ئەبرامز و نە چەکی سوپاکان و نە گرووپە بەکرێگیراوەکان فریای هێزی خراپەکاری و دوژمنکاری نەکەوتن و، هەموویان هەرەسیان هێنا لە بەرامبەر خۆڕاگری پێشمەرگە و دانایی و سەرکردایەتی برای تێکۆشەر (سەرۆک مەسعود بارزانی) و کۆمەڵێک سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە پێناو پاراستنی هەرێم و گەلی کوردستان گیانی خۆیان لە سەر دەست دانا..
ئیتر هێزی خراپەکار و تاریکی لە بەرامبەریاندا بەزی… پێشمەرگەیش، وەک چۆن لە هەموو شەڕ و هەلومەرجێکی سەختدا هەر وا ناسیومانن، سەلماندیان کە قەڵغانی تۆکمەی کوردستانن و بازووە زەبروەشێنەکەین و، سەرچاوەی ئەو هێزە ستراتیجییەین کە دوژمنان و خیانەتکاران و ناپاکانیان تێکشکاند… ئەم یادە مەزنە لە هێزی پێشمەرگە پیرۆز بێت و، رووحیان شادە ئەو شەهیدانەی لە داستانەکەی پردێدا و بە هۆی لێکەوتەکانی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک و گشت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهید بوون.
لەم کاتەدا کە بەڕێز و شکۆوە یادی ئەم داستانە مەزنە دەکەینەوە، پێویستە قارەمانێتی پێشمەرگە بەبیر بهێنینەوە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی میلیشیاکان و گرووپە بەکرێگیراوەکان و پاشماوەکانی خیانەتکاران، ئەو هێزانەی کە بۆ رووخاندن و کۆتاییهێنان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هاتبوون و، لەخۆباییبوونیان وای کرد کە پێیان وا بێت دەتوانن بەرەو هەولێری پایتەختی سەربەرزی هەرێمی کوردستان پێشڕەوی بکەن. ئەو هێزە دڕندانە پێیان وابوو کە ژمارەی زۆرەی هێزەکانیان و بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆر و کەرەستەی پێشکەوتووی نێودەوڵەتی بەردەستی سوپای عێراق، لەوانەش تانکی ئەبرامز و هەبوونی پاڵپشتی زۆری زلهێزەکانی ناوچەکەوە، جێبەجێکردنی پیلانە گوماناوییەکانیان ئاسان دەکەن. بەڵام رووبەڕووی هێزی پێشمەرگەی قارەمان و ئازایەتییە بێهاوتاکەیان بوونەوە و، رۆڵە قارەمانەکانمان رووبەڕووی شەش هێرشی یەک لە دوای یەک بوونەوە کە تیایاندا هێزەکانی هاوپەیمانی خراپەکاری هەموو هێزی خۆیان کۆکردبووەوە، بەڵام دوای ئەوەی پێشمەرگە شکۆمەندترین وێنەی قارەمانێتی و قوربانیدان و گیانفیداییان نەخشاند، بەزین و بە نائومێدییەوە گەڕانەوە و، خەون و گرەوەکانی دوژمنان مایەپووچ بوون و، هەرێمی کوردستانیش هەستایەوە سەر پێ بۆ ئەوەی گەلەکەمان لە هەموو شوێنێکی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوامە لە کاروانی خەبات و پێشکەوتن بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانمان لە ئازادی و کەرامەت و مافی چارەی خۆنووسین.
پردێ هەمیشە وەک داستانێکی نەمر دەبێت و دەچێتە سەر خەرمانی داستانەکانی گەلی سەربەرزمان و، وەک رووناکییەکی درەوشاوە لە یادگەی خەڵکی کوردستان و هەموو کوردێکی دڵسۆزی دۆزی گەلەکەی لە هەر شوێنێک بێت، دەمێنێتەوە. لەم داستانەدا خوێنی ژمارەیەک لە شەهیدانی سەربەرز رژا کە گیانیان لە پێناو دۆز و ئازادی و کەرامەتی گەلەکەیان بەخت کرد… بە راستی پردێ داستانی گەڕاندنەوەی شکۆ بوو و، گۆڕستانی خیانەتکاران و دوژمنان بوو و، وەڵامی یەکلاکەرەوە و دەنگێکی بەرز بوو لە بەرامبەر خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر. تیایدا گەلەکەمان سەلماندی کە گەلێکە ژیان و کەرامەتی دەوێت و، دەبێت کۆتایی بە هێزی خراپەکاری بێت و کۆت و بەندەکان بشکێن و، چارەنووس دەبێت بەدەنگی ئەم ئیرادە پیرۆزە و ئەم قوربانیدانە بێهاوتایە لە نێو گەلانی سەر زەوییەوە بێت.
لەم رۆژە مەزنەدا، بە رێزەوە سەر بۆ گیانی شەهیدانی داستانی پردێ و شەهیدانی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان و شەهیدانی ئەنفال و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و خێزانە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین. هەروەها لەم رۆژە پیرۆزەدا یادی سەرکردەی نەمری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی بەرز رادەگرین کە سەرکەوتنەکانی ئەو تا ئەمڕۆ رۆشنکەرەوەی رێگای کاروانی خەباتگێڕان و پێشمەرگەن و، سڵاوی خۆشەویستی و وەفا ئاراستەی رۆحی کاک ئیدریس بارزانی هەمیشە لەیاد دەکەین.
دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیان
20ی تشرینی یەکەمی 2023
یادی داستانە مەزنەکەی پێشمەرگە