ئەفسەرێكی بەشداربووی داستانی پردێ: دوژمنمان كرد بە پەندی زەمانە
شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ پێشمەرگە داستانی مەزنی پردێی تۆمارکرد و پیشڕەوی هێزە چەكدارەكانی عێراقی وەستاند و سنووری بۆ دانان، لەوكاتەی نیازیان هەبوو دوای داگیركردنی كەركووك، بەرەو شاری هەولێریش پەل درێژ بكەن، وایان دەزانی داگیركردنی هەولێریش ئاسان دەبێت بۆیان، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان رووی راستەقینەی شەڕ و بەرخودانی پێشان دان، وانەیەكی پێ دان كە تا هەتایە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە.
ئێوارەی 20ـی تشرینی یەكەمی 2017، شەڕ گەیشتە لوتكە و سوپای عێراق و میلیشیاكان بە هەموو هێزیانەوە هێرشیان هێنا، پێشمەرگەش بووە قەڵغان و لە رێگریكردن لە سوپای عێراق بەردەوام بوو، كە بەنیاز بوو لە قۆڵی قوشتەپەوە بەرەو هەولێر بێت، ئەوە بوو توانرا تانكێكی جۆری “ئەبرامز ئێم وەن”، تێك بشكێنن، كە پێشكەوتووترین تانکی ئەمریكایە و تێكشكانی زۆر زەحمەتە، بۆیە ئەوە بوو بە خاڵی ئاوەژووبوونەوەی شەڕ و و رێگری لە هێرشی میلیشیاكان لە سنووری پردێ و سحێلا كرا، كە بە دەیان چەكداری میلیشیاكانیان تیادا كوژرا.
لەو بارەوە موقەدەم مەریوان ئازاد، بەشداربوویەكی شەڕی پردێ رایگەیاند، داستانی پردێ هەرگیز لەیادی تاك بە تاكی خەڵكی كوردستان بە گشتی و ئەو پێشمەرگە و ئەفسەرانەی بەشداری راستەوخۆیان تیایدا هەبوو دەمێنێتەوە، لە سنووری پردێ دوژمن بەجۆرێك دەستی بە هێرشكردن كرد، كە نیازی خراپیان هەبوو و بەرەو هەولێر پێشڕەوی بكەن، وایان دانابوو وەك چۆن بە ئاسانی كەركووكییان داگیر كرد، بەهۆی خیانەت و كشانەوەی پێشمەرگەی لایەنێك، ئاواش حیسابیان كردبوو كە بەو ئاسانییە بەرەو هەولێر بێن، بۆیە هێزێكی زۆر و پشتیوانییەكی فراوان و چەكێكی زۆر و بێشوماریان لە تانك و زریپۆش لەگەڵ بوو، بەو ئابرامزەش كە شانازییان پێوە دەكرد، نیازی ئەوەیان هەبوو ناوی كورد نەهڵێن و جوگرافیاكەی بەتەواوی بسڕنەوە، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی ئەو داستانەیان تۆمار كرد و وانەیەكیان بە دوژمن دا كە تا هەتایە بە تۆماركراوی لە مێژوو دەمێنێتەوە.
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە گوتیشی، لە 16ی ئۆكتۆبەر ئەو فێڵەی لە هێزی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێم كرا، كە هەندێك پێشمەرگەی لایەنێك لە كەركووك كردیان، دواتر بەشێوەیەكی تاكتیكی رێكخستن بەرەو پردێ كشاینەوە، شەوی پێش هێرشەكە لە نیازی خراپی ئەو چەكدار و گرووپانە ئاگادار كراینەوە، بۆیە لە تەواوی سنوورەكانی پردێ و چیای دومەڵان و دەشتی تەق تەق جێگیر بووین، حكومەتی عێراق لەشكرێكی زۆری هێنابوو، حەشد و سوپای پاسداران و چەند لایەنێكی كوردیش بەشداربوون، ئامانجیان لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و سڕینەوەی كورد و بەفیڕۆچوونی ئەو خوێنە بوو كە پێشمەرگە لەپێناو كوردستان دابووی، بەڵام پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و تووشی زیانێكی وەهای كردن كە تا ماون لەبیری ناكەن.
ئەو ئەفسەرە باسی لەوەش كرد، دوژمن چەكێكی زۆری هێنابوو، بەڵام پێشمەرگە تەنیا بە كلاشینكۆفی دەستی و چەند چەكێكی تری مام ناوەندی توانی رووبەڕووی گەورەترین و بەهێزترین چەكی دنیا ببێتەوە، كە تانگی “ئامبراز” بوو، كە یەكێكە لە چەكە هەرە بەهێزە پێشكەوتووەكانی ئەمریكا، پێشمەرگە داستانێکی تۆمار كرد كە بووە جێگەی شانازی و سیمبوڵی ئازایەتی، هەر بۆیە بەناچاری ئەو هێزە بێشومارە و ئەو هەموو چەكەی بە دوژمن بوو، بەناچاری بەرەو كەركووك و دەوروبەری پاشەكشەی پێ كرا، لەوێوە ئەو وانەیان فێر كرا كە كورد و پێشمەرگەی كوردستان هەرگیز بەرامبەر بە هێزێكی فشۆڵ و بودەڵە چۆك نادات، ئەگەر شەڕی دەستە و یەخەشی كردبێت.
ئەفسەرێکی دیکە بەناوی عەقید سەردار مالومەیی کە بەشداربووە لە داستانی پردێ گوتی، لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێردا هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چەند لایەكەوە لە پردێ، وانەیەكی وەهایان دایە چەندین گرووپی پاڵپشتیكراو بە چەكی بەهێزی ئەمەریكی و راهێنراو، كە هەرگیز نەتوانن لەبیری بکەن، ئەوان بە جۆرەها چەكی پێشكەوتووی وڵاتان خۆیان ئامادە كردبوو كە شایی سەركەوتن بگێڕن و كورد رووبەڕووی دۆخێكی خراپ بكەنەوە، بەڵام بێ ئاگا بوون لەوەی پێشمەرگە ناوی خۆی بە خۆیەوەیە، بۆیە لەو ماوەیەدا توانیمان بەرگری لە خاكی كوردستان بكەین، ئەو هێزەش تووشی شكستێك بكەین كە بووە مایەی گاڵتەجاڕی بەو هەموو چەكەوە، دووپاتی كردەوە كە ئەگەر بێ ئیرادەیی و فێڵی لایەنێک نەبووایە، هیچكات كەركووك نەدەكەوتە دەستی میلیشیاكان و هەر دەبوو خەونی پێوە ببینن.