پارێزگاری دهۆک ژمارەیەک پڕۆژەی بە گوژمەی 35 ملیار دینار راگەیاند
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی زیاتر لە 35 ملیار دینار راگەیاند، لەنێویاندا نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە سنووری پارێزگای دهۆک.
پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند: دەمانەوێت ئەو پڕۆژانەی ئێستا و ئەوانەی لە ماوەی رابردووشدا راگەیەندراون بە زووترین کات بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام وەکو ئێوە دەزانن ئەم پڕۆژانە پێویستییان بە هەندێک رێکاری یاسایی هەیە و پێویستە کار بۆ ئەوە بکرێت بکرێنە تەندەر لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پەسەندی کردوون. بەردەوام هەوڵ دەدەین ئەم پڕۆژانە هەموویان لە کاتێکی نزیکدا بکەونە خزمەتی هاووڵاتییان.
گوتیشی: ئەو پڕۆژانەی رامانگەیاندوون جیاوازن لەو پڕۆژانەی لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ قەزاکانی دیکەی سەر بە پارێزگای دهۆک بە شێوە و کاتێکی جیاواز رایدەگەیەنین. ئەوانەی ئەمڕۆ رامانگەیاندن، تەنها بۆ سنووری دهۆک و دەوروبەرییەتی و زیاتر بۆ ئەو گەڕەک و کۆڵانانەی سەر بە پارێزگای دهۆک دەبن کە لە ماوەی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بێت وەکو پێویست دەستی ئاوەدانییان پێ نەگەیشتووە و پڕۆژەیان لێ ئەنجام نەدراون.
وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی دەکات، “کاتێک سەرۆک بارزانی سەردانی قەزا و ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆکی کرد، تیشکی خستە سەر دوو بابەت کە دەبێت ئێمە گرنگییان پێ بدەین؛ یەکەمیان کەرتی گەشتیاری و دووەمیشیان کەرتی کشتوکاڵ بوو. لە رووی گەشتیارییەوە لە ماوەی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەک لە نزیک بەنداوی دهۆک و چەند شوێنێکی دیکەی سنووری پارێزگاکە رادەگەیەندرێن، بەڵام جەخت لەوە دەکەمەوە، هەموو پڕۆژەکانمان پەیوەندییان بە یەکترەوە هەیە. بۆ نموونە کە رێگە و بانەکانمان باش نەبن، گەشتیاریش نابێت، بۆیە پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەر قەزایەک لە داهاتوودا لەکاتی خۆیاندا رادگەیەندرێن.
لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا، پارێزگاری دهۆک گوتی: “تا دوێنێ شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 40 هەزار خێزان دابەشکراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا نەوتی سپی بەسەر زیاتر لە 120 هەزار خێزاندا لە سنووری پارێزگای دهۆک دابەش دەکرێت. ئەگەر هیچ کێشەیەک رووبەڕوومان نەبێتەوە، لە پلانماندایە لە داهاتوودا نەوتی سپی لە سەنتەری شاری دهۆک و قەزاکانی دەوروبەریشی دابەش بکرێت. گرانی نرخی نەوت لە دەستی ئێمەدا نییە، نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان زۆر گران بووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکە بە چەند بکڕێت، نیوەی ئەو نرخە بە هاووڵاتییان دەدات.
پارێزگاری دهۆک جەختی لەوە کردەوە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو لایەنێک دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لەسەر پێشکەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانمان بەبێ ئەوەی جیاوازی بکەین. پێموایە چەند ئابووری و بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بەهێزتر ببێت، دڵنیابن لەوەی زیاتر پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێشکەشکی هاووڵاتییان دەکرێن و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.