وەیسی سەعید: یەکێتی و حیزبەکانی سلێمانی رێپێوان بە کادیرانی خۆیان دەكەن و ناویان ناون مامۆستا
ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی ئۆكتۆبەری 2023، لەژێر هاندانی میدیاكانی یەكێتی و حیزبەكانی دیكەی دەڤەرەكە، خۆپیشاندان لە سلێمانی ئەنجام درا و تێیدا چەند كەسێك خۆیان وەك مامۆستا ناساند و پێداگرییان لەسەر بەردەوامیدان بە بایكۆتكردنی ناوەندەكانی خوێندن كرد.
وەیسی سەعید، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: یەکێتی و لایەنەکانی سلێمانی باش دەزانن گرفت و کێشەی مووچە لە بەغدایە، نەک لای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەچی سەرەڕای ئەوەش چەند سەد کادیرێكی حیزبی و ئەمنیی خۆیان هێناوەتە سەر شەقام و رێپێوانیان پێ دەکەن و ناویشیان ناون مامۆستا.
روونیشی كردەوە كە ئەم رێپێوانەی لایەنەكانی سلێمانی لە رووكەشدا بە ناوی داخوازیی مامۆستایانە و لە ڕاستیشدا بەشێکە لە بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن بۆ جووڵاندنی هەست و سۆزی خەڵک، بەڵام خەڵکیش راستییەکە دەزانێت کە کێشەی مووچە لە بەغدایە و حیزبەكانی سلێمانیش، بەتایبەتی یەكێتی، بە تاڵانكاری و قاچاخچێتیی سنوورەكان، زیاتر هۆكاری دواكەوتنی مووچە و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیە.
جەختی لەوەش كردەوە كە رێپێوانەكەی كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی سلێمانی هیچ پەیوەندیی بە خواستی مامۆستایانەوە نییە و بابەتێكی تەواو سیاسییە و لە دژی هەرێمی كوردستانە، لە كاتێكدا بەشێك لەو لایەنانەی كە كادیرانیان هان داوە بۆ ئەو رێپێوانە، خۆیان پێكهێنەری سەرەكیی حكومەتن.