سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێك لەبارەی ڕووداوەكەی مەخموور بڵاو دەكاتەوە

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەکەی دوێنێی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و پشتگیریی لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا بۆ ڕووداوەکە دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 10ـی 2023 سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەداخەوە دوێنێ ڕووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور ڕووی دا کە لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێکەوتەوە.

سەرۆکایەتیی ئەرکان سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکات و نووسیویەتی “لەکاتێکدا خەم و پەژارەی قوڵ و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.”

لە ڕاگەیەنراوەکەدا سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “ئێمە پابەندبوونمان بۆ کارکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەرێکی ڕیشەیی و بەردەوام دووپات دەکەینەوە کە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق بەدی بهێنێت.”

سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پشتگیری لە ڕاگەیەنراوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەکات کە تێیدا ئاماژە بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و ڕوون بۆ ڕووداوەکەدا کراوە، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

Back to top button