عەلی عەونی: لە سۆران خەڵك بەپیر داوای جاشەكانەوە نەچوون
خواكوڕك
دوای ئەوەی هەڵسوڕاوێكی بزووتنەوەی گۆڕان ویستی لە سنوری سۆران چەند كەسێك بۆ حەشدی شەعبیی ناونوس بكات, لە ژێرناوی پاسەوانی سنورو سوپای عێراق, بەڵام دوای ئاشكرابوونی دەستیان دەركەوت كە دەیان خواست جاشایەتیی نوێ كەنەوە لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی، بەر پرسێكی پارتی لەو سنورە دەڵێت:” ئەو چەند كەسەی ناویان نووسیبوو لە لای ئەوهەڵسوڕاوەی گۆڕان ئێستا كشانەوەتەوە لە پێشكەشكردنی داخوازییان و خەڵك بەپیر داوای جاشەكانەوە نەچوون و خۆیانی لێ بەدوور دەگرن”
(عەلی عەونی)، بەرپرسی لقی 10ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاند: ”هەرهێزێك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، لە هەرێمی كوردستان نایاسایییە، بوونی هێزی حەشدی شەعبیش لیرە بە داگیركەر لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە بۆ گۆڕان شەرمەزارییەكی گەورەیە، كە بەشێكیان باسی ئەوە دەكەن، لە شاخ شۆرشگێر بوونە، كەچی بە یارمەتیدانی نەیارانی كورد و ڕاكێشانی خەڵك بۆ نێو حەشدی شەعبی تف لە خەباتەكەی خۆیان دەكەن.”
بەرپرسی لقی 10ی پارتی گوتیشی: ‘ لە ناوچەی سۆران سەرەتا بە ناوی ترەوە خەڵكیان بۆ حەشدی شەعبی ناونووس كردبوو، بەڵام دوای ئاشكرابوونی دەستیان و ڕوونكردنەوەی جاشایەتیی تاقمێك، ئیدی ئەو چەند كەسەی ناویشیان نووسیبوو، لێیان كشانەوە و ئاماژەیان بەوە دا، كە ئامادە نین لەدژی میللەتی خۆیان بن و خەڵك بەپیر داوای جاشەكانەوە نەچوون و خۆیانی لێ بەدوور دەگرن.”
(عەلی عەونی) ئاشكرای كرد: ”قسەم لەگەڵ (سەردار عومەرئاغای سوورچی) كرد، كە خەڵكی ناونووس دەكرد بۆ دروستكردنی هێزی چەكدار و پێم ڕاگەیاند، (دروستكردنی هێزی چەكدار لە دەرەوەی یاسا و ڕێساكانی هەرێم، بە هەرناوێكەوە بێت، هێڵی سوورە و نایاسایییە، داوا دەكەین دەست لەم كارە هەڵگریت). لە وەڵاممدا گوتی، (كارێكی زیانی بۆ كوردستان تێدابێت، نایكەم)، بەڵام دیتم لە میدیاكاندا بیانووی بۆ كارەكەی دەهێنایەوە.”
ئەو بەرپرسەی پاتیش گوتی: ”دوژمنانی كورد چاویان بڕیوەتە خاكی هەرێم و، دەیانەوێت لەڕێی زیندووكردنەوەی جاشایەتیی كۆنەوە و لەڕێی بوون بە حەشدی شەعبیەوە هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ و هەمان یارییە كۆنەكەی حكوومەتە شكستخواردووەكان دووبارە دەكەنەوە و سەرەنجام ئەوانەش شكست دێنن.”