پارتی و گۆڕان جەخت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە
دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان سەردانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان كردوو لە كۆبوونەوەیەكدا پارتی و گۆڕان جەخت لە پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە و بە پێویستی دەزانن هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان کۆبکرێنەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، “لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی هەستیاری ناوچەکە بە گشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا”.
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: “هەردوولا کۆکبوون بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێز و تواناکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دانانی ستراتیژیەتی هاوبەشی نیشتمانی هێز و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی قۆناغەکە”.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە، بە تایبەتی پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەپێناو دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شایستە داراییەکان، لەنێویاندا مووچەی مووچەخۆران و، باشترکردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی کوردستان.