پەرلەمانتارێک: خەڵکی سلێمانی با بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و رێگاوبان و نەهێشتنی تیرۆر خۆپیشاندان بکەن

مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکێتی کە بەشێکە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باش دەزانێت خەلەل لە کوێیە کێ دروستی کردووە، باش دەزانێت حکومەتی عێراق لە کاتی دانووستاندن قسەیەک دەکات، دواتر بەشێوەیەکی دیکە مامەڵە دەکات، بەڵام بەجۆرێک کاریان لەسەر عەقڵی خەڵکی زۆنەکە کردووە کە قسە بە پارتی و حکومەتی هەرێم بڵێن، لە کاتێک یەکێتی پارەی بانکەکان بەتاڵ دەکات، داهاتی گومرگی دەبات و بە درێژایی چەندین ساڵ فلسێکی بۆ حکومەت نەگەڕاندووەتەوە و حکومەت راستەوخۆ لە هەولێرەوە مووچەی بۆ فەرمانبەرانی سلێمانی ناردووە، کەچی یەکێتی داهاتەکەی قوت داوە و دزیویەتی.

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: “ئەی ئەو خەڵکە پێتوایە نازانن کە سیراعی و جیابوونەوەی باڵەکانی نێو یەکێتی لەسەر چیبووە، باش دەزانن هەمووی لەسەر ئەو داهاتەیە کە تاڵانی دەکەن، یەک فلسیش بۆ حکومەت ناگەڕێننەوە، کەچی هێشتا بەشیان ناکات و تێرنابن، هەموو بەرنامەکانی یەکێتی و باڵەکانی بۆ دژایەتی کوردستان و لەنێوبردنی هەرێمی کوردستانە”.

مەریوان قەرەنی پێیوایە خەڵکی سلێمانی لەبری ئەوەی دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان بکەن، پێویستە دژی یەکێتی بێنە سەرشەقام، بۆ ئەوەی داهاتی سنوورەکەیان چیتر تاڵان نەکرێ، خەڵکی سنوورەکە چیتر بەناحەق تیرۆر نەکرێن، ئەمن ئاسایش و خزمەتگوزاریان بۆ فەراهەم بکرێت، دەبێت لە ئاستی ئەم نادادییەی یەکێتی بۆی خولقاندوون بێنەدەنگ، بڵێن ‘دەبێت خزمەتبکرێن و مافی خۆمان پێبدرێت’.

ئەو پەلەمانتارە ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ٢٠١٧ ئاڵا تاڵەبانی کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بوو، لە کەرکووکەوە تەپلی سەرکەوتنی لێ دەدا، دەیگوت ‘لەماوەی دوو هەفتەدا مووچەی سلێمانی بە جیا لە بەغداوە رەوانە دەکرێت’، ئەگەر بە پێی کیسەڵیش ئەم مووچەیە رەوانە بکرایە ئێستا گەشتبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا یەکێتی لە زۆنی سەوز ئیمانی بە دامەزراوە نییە کار بە دامەزراوە ناکرێت، هیچ خزمەتگوزارییەکیش پێشکەش ناکرێت.

Back to top button