شوان داودی: سلێمانی و ناوچەی قەڵەمڕەوی یەکێتی بەرەو ئاڵۆزبوون دەڕوات

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە بە ناونیشانی (ئاماژەکان و مەترسییەکانی سەر سلێمانی)، ئاماژەی بەوە داوە، يەک کەناڵی بێگانە لە سلێمانی کار ناکەن و بە بانگهێشتکردنیش نایەن بۆ سلێمانی، ”بە کەناڵە خەلیجیەکانیشەوە.“ ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەمە قسەی رۆژنامەنووسێكە لە سلێمانی.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتی باسی لەوە كردووە كە لە چەند رۆژی رابردوودا، بە هۆکاری هاوبەشی کردن و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ هەریەک لە قەیس خەزعەلی و رەیان کلدانی کە لەلایەن ئەمریکاوە سزا بەسەریاندا سەپێنراوە، ”ئەمریکا رێگەی نەدا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی کە قەڵەمڕەوی ناوچەی سلێمانی دەکات، سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەسەر خاکەکەی پێشوازی لێ بکا، لە کاتێکدا تاڵەبانی لە لایەن هەریەک لە بیلال وەهاب لە ئەنستیتوتی واشنتۆن و جۆناسان لۆرد لە پەیمانگای سیناس بە شێوەی فەرمی بانگهێشت کرابوو.“

هەروەها باسی لە دۆخە خراپە کردووە کە یەکێتی بەسەر خۆی و سلێمانیدا هێناوە، وەک پەکخستنی پرۆسەی خوێندن و دەشڵێت: ”یەکێتی نە دەتوانێ مووچە لە بەغداوە بێنێ وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرد، نە خۆی مووچەی پێ دابین دەکرێت. نە لەگەڵ پارتی دەگاتە رێککەوتن، نە دۆخی نەخوازراوی خۆی لە حکومەتی هەرێمدا پێ ئاسایی دەکرێتەوە، نە دەتوانێت لەگەڵ هاوبەشەکانی لە بەغدا، سلێمانی لە هەرێم جیا بکاتەوە! نە خۆی وەک بەشێک لە حکومەت دەبینێ، نە دەتوانێت لە حکومەت بکشێتەوە و ببێتە ئۆپزسیۆن.“

پەرلەمانتارەکەی پێشووی یەكێتی تیشکی خستووەتە سەر بەیاننامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی شەڕی غەززەوە کە لە بەیاننامەی فەڵەستینییەکانی بەرەی خۆرئاوا توندتر بووە ئەمەش بە باشە بۆ یەکێتی ناشکێتەوە و رای گەیاندووە: ”شەڕ لە غەززە گەرمە و دەسەڵاتی سلێمانی بە حوکمی جیۆسیاسی، لەسەر بەرەی بەرگری (محور المقاومة) هەژمار دەکرێن، کە دنەی فراوانبوونی شەڕی غەززە دەدەن و رۆژانە لە هەریر و عەین ئەسەد نقورچک لە ئەمریکا دەگرن. کە ئەمەش بۆ فشار خستنە سەر ئەمریکایە، لە کاتی هێرشی زەمینیی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، پێ دەچێت بەرەی بەرگری هەوڵ بدەن چەند بەرەیەکی تری شەڕ بکەنەوە، رەنگە ئەمریکاش ئەوە بە دەرفەت بزانێ بۆ لێدان و پاکتاوکردنی کۆمەڵێک ئامانجی خۆی.“

داودی باسی لەوەش کردووە كە چەند رۆژێکە ئەمریکا لەگەڵ ناردنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، قەبارەی دیپلۆماتی خۆی لە عێراق کەم کردووەتەوە و داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردوە سەردانی ئەم وڵاتە نەکەن، ”هەواڵێکی واش دزەی پێکراوە کە ئەمریکییەکان بڕیاریان دابێ سلێمانی بەجێبهێڵن.“

لە كۆتاییشدا نووسیویەتی: ”ئەگەر خوێندنەوەیەکی سەرپێیی و خێرا بۆ ئەم ئاماژانە بکەین و هاوکێشەکان لێک بدەینەوە، ئەنجامەکەی باشمان پێ ناڵێت. وا دەردەکەوێت سلێمانی و ناوچەی قەڵەمڕەوی یەکێتی بەرەو ئاڵۆزبوون و کەنارگیرکردنی زیاتر و پەراوێزخستنی زۆرتر بڕوات و لە ئەگەری هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی بەرەی بەرگری و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، سلێمانی بکرێتە گۆرەپانی ئەو یارییە بۆ پاکتاوکردنی یەکتر. لە کاتێکدا خەڵکی سلێمانی لە مەینەتی زیاتر، هیچ دەستکەوتێکی تری لێ ناچنێتەوە.“

Back to top button