لە هەولێر بە گوژمەى زیاتر لە (9 ملیار دینار) دەستدەکرێت بە دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی سوتان

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت :” لە هەولێر بە گوژمەى زیاتر لە (9 ملیار دینار) دەستدەکرێت بە دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی سوتان.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:” لە هەولێر جگە لە بەردەوامیدان بە گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێویستیەکان لە سەرجەم گوند و ناحییە و قەزاکانى بەبێ جیاوازى و بە شێوەیەکى یەکسان، بە تایبەتى بۆ گەڕەک و شوێنە هەژارنشینەکان، لە چوارچێوەى پەرەپێدان و خزمەتکردنى زیاترى کەرتى تەندروستى گشتیى لە پێناو سەلامەتى و پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، لە ماوەی ساڵى رابردوودا بۆ نۆژەن کردنەوە و دابینکردنى پێداوییستی و ئامێری پزیشکی نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیەکانى سنوورى پارێزگاکەى زیاتر لە (2 ملیار دینار)ى لە کەرتی تەندروستی خەرج کردووە،”

گوتیشی:” لەم نزیکانەش لە رێگای پارێزگای هەولێرەوە دەست دەکرێت بە دروستکردنى گەورەترین نەخۆشخانەی (100) قەرەوێڵەیی سوتان لە سەر رووبەری (89,000م2)، بۆ ئەم پڕۆژەیەش گوژمەی (9 ملیار و 200 ملیۆن دینار) تەرخانکراوە.”

باسی لەوەشکرد :” لە ئێستاشدا هەموو ئامادەکاریەکان بەکۆتاهاتوون بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە و بەم نزیکانە دەخرێتە تەندەر و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

Back to top button