مەریوان قەرەنی: بڕیارەكەی پارتی بۆ بارەگای كەركووكی، ڕووی ڕاستەقینەی بەكرێگیراوانی دەرخست
ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، رایگەیاند، بڕیارەكەی كۆمیتەی ناوەندیی حزبەكەی لەبارەی بارەگاكەی كەركووك، ڕووی ڕاستەقینەی زۆر خەڵكی بەكرێگیراوی دەرخستووە.
مەریوان قەرەنی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، هەروەك بە فەرمی راگەیاندرا، لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیی پارتییدا، بڕیار درا بارەگای سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، پێشكەش بە زانكۆی كهركووك بكرێت، ئەمەش وهكوو دیارییهك بۆ قوتابیانی ئهو شاره و پڕۆسهی خوێندن و ڕۆشنبیری و پێشخستنی شارهكه.
ڕوونیشی كردەوە: هیچ گومانی تێدا نییە كە ئەگەر پارتی بارەگاكەی خۆیشی وەربگرتایەتەوە، ئەوا بە تەواوەتی هەقی بوو، بەڵام كاتێك سەرۆك بارزانی ئەم چارەسەرە حەكیمانەیە دەخاتە ڕوو، بۆ دۆست و دوژمنی دەسەلمێنێت كە پارتی خۆی وەك ئامرازێك بۆ خزمەتكردنی خەڵك دەبینێت، نەك خەڵك بخرێنە خزمەت بەرژەوەندیی حزبییەوە.
مەریوان قەرەنی ئەوەشی وەبیر هێناوەتەوە كە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەكەی كەركووك و كاتێك هێزەكانی سەر بە عێراق بە ناهەق چوار گەنجی خۆپیشاندەری كوردیان شەهید كرد و ژمارەیەكی زۆریشیان بریندار كرد، هەندێك حزب و كەسانی بەكرێگیراو كە هەمیشە بەوە ناسراون لە بەرەی عێراقدان لە دژی كورد و كوردستان، بەوە پاساویان دەهێنایەوە كە گوایە كێشەكان لەسەر بارەگایەكی حزبین! ئەوانەی كە ڕۆژانێك ببوونە كەواسوور و كەركووكیان تەسلیمی هێزە عێراقییەكان كردبوو، لێمان ببوون بە خەمخۆری خەڵكی كەركووك و دەیانگوت هەموو بارەگاكانمان دەكەینە قوربانیی خوێنی گەنجێكی شارەكە! كەچی ئەوەتا پارتی بەم بڕیارەی زۆرتر سەلماندی كە هیچ كاتێك بارەگای پارتی كێشە نەبووە، بەڵكوو پارتی تاكە خەمخۆری دۆزی كوردە و ئەو گەنجانەشی كە بە ناهەق شەهید كران، لەسەر دۆزی رەوای گەلەكەیان شەهید كراون.
لە كۆتاییشدا ئەندامەكەی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی: ”لێرەوە جارێكی دیكە جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئێمە وەك ئەندامانی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لێكۆڵینەوەی خۆمان لەبارەی خۆپیشاندانەكانی كەركووك و بەناهەق شەهیدكردنی گەنجانی كورد كردووە، هیوادارم چیتر بە هۆكاری سیاسی، نووسینەوەی راپۆرتی لێژنەكەمان لەبارەی ئەم ڕووداوە دوا نەخرێت و ڕاستییەكان بۆ هەموو لایەك بخرێتە ڕوو.