قوباد تاڵەبانی سێ جارە داوا دەكات رێی پێ بدرێ بچێتە ئەنقەرە، توركیا رێی پێ نادات! و هەفتەی داهاتوو کۆتا مۆڵەتە!
هەفتەی داهاتوو، ئەو مۆڵەتە تەواو دەبێت كە توركیا بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی داوە تاوەكوو پارتی كرێكارانی كوردستان (پە*كە*كە) و گرووپەكانی سەر بە پە*كە*كە لە سلێمانی دەربكات و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ئەو حیزبە بپچڕێنێت.
بەپێی بەدواداچوونەكان، یەكێتی لەلایەن ئێرانەوە فەرمانی پێ كراوە كە نابێت پەیوەندیی لەگەڵ پە*كە*كە بپچڕێنێت و دەبێ ئەو هاوكارییە بەردەوام بێت كە بریتییە لەوەی یەكێتی و پە*كە*كە پێكەوە فەرمانەكانی ئێران جێبەجێ بكەن و بەشێك بن لە هیلالی شیعی. بەم هۆیەوە یەكێتی نەیتوانیوە هیچ یەكێك لە داواكارییەكانی توركیا جێبەجێ بكات!
زانیاریی ورد هەیە كە قوباد تاڵەبانی لە ماوەی ئەم 10 رۆژەی دواییدا سێ جار داوای لە توركیا كردووە، رێگەی پێ بدرێت سەردانێكی ئەنقەرە بكات و لێكتێگەیشتنێك دروست بكەن، بەڵام هەرسێ جار لە لایەن وەزارەتی كارمەندێكی كونسوڵخانەی توركیاوە پەیوەندیی پێوە كراوە و پێی گوتراوە كە ناتوانیت سەردانی وڵاتەكەمان بكەیت!
ئەگەر یەكێتی لە ماوەی ئەم هەفتەیەی لەبەر دەستیدا ماوە، بەپەلە چارەسەرێكی دۆخەكە نەكات و رێوشوێنێكی بەپەلە نەگرێتە بەر بۆ رازیكردنی توركیا، ئەگەر هەیە ئەمجارە توركیا راستەوخۆ بنكە و پێگەكانی دژەتیرۆر و دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی بۆردوومان بكات و بەداخەوە لەم دۆخەدا زیان بە خەڵكی سڤیل دەگات.
ئێستا ئیدی كاتی ئەوەیە خەڵكی سلێمانی پێكەوە داوا لە یەكێتی و پە*كە*كە بكەن، چیتر نەیانكەن بە سووتەمەنی شەڕێك كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوانەوە نییە و نەیانكەنە قوربانیی بەرژەوەندییەكانی ئێران، چونكە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەفتەی داهاتوو شتی ناخۆش لە سلێمانی روودەدات!