ئاسایشی ئاکرێ دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی بەردەڕەش دەستگیر دەکات

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار بە کوشتنی کارمەندێکی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لە نێو ماڵەکەی خۆیدا راگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ رایگەیاند، کاتژمێر 2:20ـی پاشنیوەڕۆی 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەرمی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی قەزای بەردەڕەش لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی رزگاریی قەزای بەردەڕەش دۆزرایەوە کە بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کرابوو.

لە راگەیەندراوێکدا ئاسایشی ئاکرێ ئاماژەی بەوەکردووە، دوای رووداوەکە تیمەکانیان بە هاوبەشی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانەکانی قەزای بەردەڕەش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (م.خ.خ.) و (هـ.ر.ق.) دەستگیرکران و لە لێکۆڵینەوەکاندا دانیان بە تاوانەکەیان داناوە.

ئاسایشی ئاکرێ رایگەیاندووە، دادوەری لێکۆڵینەوەی قەزای بەردەڕەش بە پێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان هەردوو تۆمەتباری راگرتووە و هەردوو تۆمەتبارەکەش رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

Back to top button