بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی تایبەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش بەڕێوەدەچێت
ئەمڕۆ سێشەممە 31/10/2023، کاتژمێر 11:00ی بەیانی، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئافرەت، ئاشتی و ئاسایش، لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
بڕیاری 1325 لە رۆژی 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2000 لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ناوی (ژن، ئاشتی، ئاسایش) دەرکرا، کە یەکەم بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشە لەبارەی ئافرەتان دەرکرابێت، ئەمەش پاش دەرکەوتنی کاریگەرییە نەرێنیەکانی جەنگەکان لەسەر دۆخی ژنان.
بڕیاری 1325 پاش کۆنفرانسی جیهانی تایبەت بە ژنان بوو، کە لە ساڵی 1995 لە شاری پەکین ئەنجامدرا، تێیدا ژنانی زۆرینەی وڵاتانی جیهان بەشداری ئەو کۆنفرانسە بوون، لە هەرێمی کوردستانیش پەخشان زەنگەنە بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، کە تایبەت بوو بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگ لەسەر ژنان و بەربڵاوی توندوتیژییەکان.