مەسرور بارزانی کارگەی پاکەت و کارتۆنی پاکێجینگی کۆمپانیای فابیابی کردەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 31/10/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی پاکەت و کارتۆن (پاکێجینگ)ی کۆمپانیای فابیابی ئەڵمانی لە هەولێر کردەوە و لە وتارێکدا رایگەیاند، جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت.
دەقی وتارەکەی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئێمە لێرەین بۆ كردنەوەی ئەم كارگەیە كە كارگەی دروستكردنی كارتۆن و بەرگگرتن و ئۆفسێت و كاری كاغەزە، كە بە شێوەیەكی زۆر پێشكەوتوو، بە ئامراز و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو دانراوە، جێی دەستخۆشییە و من دەستخۆشی لە ئێوەی بەڕێز دەكەم كە ئەم كارەتان كردووە.
بەڕاستی ئەمە جێی دڵخۆشییە كە دەبینین لە كوردستان كەرتی پیشەسازی بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەرێكی زۆر بێت بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی كشتوكاڵی كە ماوەیەكە ئێمە توانیومانە بەروبوومی جووتیاران، بەروبوومی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە بكەین، ئەم جۆرە كارانە یارمەتیدەرێكی زۆر دەبن بۆ پاكێجینگ و بەرگگرتن و ئەو شتانەی كە پێویستن، كە بكرێت وەكوو براندی كوردستانی ئێمە بتوانین بەروبوومەكانی خۆمان هەناردەی دەرێ بكەین.
بەروبوومەكانی ئێمە تام و چێژێكی تایبەتیان هەیە و رەغبەتی زۆریشیان لەسەرە، ئەوەی ماوەتەوە ئەمەیە كە بە شێوەیەكی جوان و ڕێكوپێك، بەرگی بۆ دروست بكرێ و پاكێجینگی بۆ بكرێ و بتوانین هەناردەی دەرێی بكەین. ئەم جۆرە كارگانە زۆر زۆر دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئەم كارە بكەین. وابزانم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیشیان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان هەیە كە ئەمە یارمەتیدەرێكی زۆرە هەم بۆ بەروبوومەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان. بە پێچەوانەشەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەم شێوەیە زۆر زۆر زیاتر دەتوانێت یارمەتیی كەرتی تایبەت و پیشەسازی بدات.
ئێمە مەبەستمانە لە كوردستان بتوانین هەموو پێداویستییەكانی خۆمان، ئەوەی پێمان بكرێ لەناو خودی كوردستانەوە دروستی بكەین، ئەمە هەلی كاریش بۆ خەڵكێكی زۆر دروست دەكات. ئەوەی بیستم لێرە بە سەدان هەلی كاری نوێ لەم كارگەیە دروست كراوە كە ئەمە جێی ئومێد و دڵخۆشیی زۆرە. ئەوەی لەسەر حكومەتیشە ئێمە ئاسانكاری بكەین، پشتیوانی بكەین، یارمەتیی كەرتی تایبەت بدەین. ئومێدیشمان وایە كە بە هاوكاریی حكومەت و كەرتی گشتی لەگەڵ كەرتی تایبەت، بتوانین هەموو پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكەین و رۆژ بە رۆژیش كوردستان بەرەو پێشەوە بەرین.