پارێزگاری هەڵەبجە: حکومەت ساڵانە بودجەی تایبەت بۆ فێستیڤاڵی هەنار و پاییز خەرج دەکات
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بە بەشداریی 600 جووتیار دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت. لە فێستیڤاڵەکەدا 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران دابینکراون.
ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ دەکات و دەڵێت، “حکومەت بودجەی فێستیڤاڵەکەی بۆ خەرجکردووین و لە ماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بودجەی تایبەتی بۆ تەرخانکردووە؛ تەنانەت لە کاتی قەیراندا نەیهێشتووە ئەم فێستیڤاڵە بوەستێت”.
لەبارەی هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجەش، دەڵێت، “دوو ساڵە بە براندکردنی هەناری هەڵەبجە برەوی تایبەتی لە وڵاتانی ئەورووپا هەیە”.
وەکو ئەوەی پارێزگاری هەڵەبجە باسی دەکات، “یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە کە بڕیاری لەسەر دراوە، پڕۆژەی پردی توقوت و شەقامی توقوتە کە نزیکەی 31 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە” و دەڵێت، “بڕیارە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بێن و بەردی بناغەی پڕۆژەکە دابنێن. کردنەوەی شەقامەکە دەستی کار زیاد دەکات و رێگەی هەڵەبجە و دەربەندیخان بۆ 25 خولەک کورت دەکاتەوە”.