میدیاکارانی یەکێتی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ دەکەن
دوای کۆنگرەی یەکێتی كێشەكانی ئەو حیزبە ئێستا چووەتە نێو كایەی راگەیاندن و سەرۆكی یەكێتی و بەرپرسانی دیكەی حیزبەكەی لێ ئاگاداركراوەتەوە، بەڵام پێناچێت ئەنجامێكی ئەوتۆیان هەبێت.
بەپێی بەدواداچوونەكان، ئێستا یەكێتی لە خراپترین دۆخی راگەیاندندایە و جگە لە میدیا فەرمییەكانی كە چەند كەسێكی كەمی لێ ماوەتەوە، ئەگەر میدیا سێبەرەكانیشی نەمێنن دۆخەكەی لەمەی ئێستا هەیە باشتر نابێت.
یەكێك لەو رۆژنامەنووسانەی کە لە پەیجە سێبەرەكانی یەكێتی کاردەکات رایگەیاند، نزیكەی سێ مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە و لەدۆخێكی خراپی ئابووریداین، ئەمەش لەدوای كۆتایهاتنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیە و نازانین كەی مووچەمان پێدەدرێت.
ئەو رۆژنامەنووسە گوتی، دوای بەدواداچوون و دەستكەوتنی زانیاری، هۆكارەكەی بۆ سەرهەڵدانی كێشە دەگەڕێتەوە لەنێوان دوو كەسی دیاری باڵای یەكێتی، كە بەرپرسیاریەتی نوێیان لەكاروباری (دارایی و راگەیاندن)ی یەكێتی هەیە و هەردووكیشیان لەدەباشانەوە، زۆر نزیكن.
روونی كردەوە، بەدەیان كادری میدیاكان، كە لەژمارەیەك سایت و پەیجی سێبەری یەكێتی كاردەكەن، وەك پەیامێنر و هەواڵساز و مۆنتێر و كامێرامان و بەرپرسانی شەفت و سەرنووسەر و هتد. رۆژانە دەوام دەكەین.
ئەوەشی زیاد کردووە، ناكرێت باجی ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی بدەین، ئەگەر بەزووترین كات مووچەكانمان بۆ خەرج نەكەن، بە كۆمەڵ دەست لەكاردەكێشینەوە. چونکە لۆژیک نییە یەكێتی لەپێناوی كردنەوەی كەناڵێكی گەورەی ئاسمانی، ژیانی ئەوان بكاتە قوربانی.