دیاری حسێن: خەڵکی کەرکووک خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریان لەبیرە و لە هەڵبژاردندا سزای ئەو حیزبە دەدەن

دیاری حسێن، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاند: ”رەنگە رۆژانێک یەکێتی لە کەرکووک بە هێز بووبێت، بەڵام لە دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، بارودۆخ و واقیعەکە لە کەرکووک گۆڕاوە، خەڵکی کەرکووک هەندێک شتیان دیت لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتی كە ئەو کات هەموو دەسەڵاتەکانیان لابوو، بۆیە بە دڵنیاییەوە خەڵکەکە ئازار و نەهامەتییەکانیان کە دوای ئەو رووداوانەی 16ی ئۆکتۆبەر و رۆژانی دواتر بەسەریان هات، لەبیریان ناچێت، کە مامەڵەیەکی دوژمنکارانەیان بەرامبەر کراوە.“

روونیشی كردەوە: ”خەڵکی کەرکووک لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا سزای یەکێتی دا و زۆرینەیان چوونە پاڵ پارتی و دەنگیان بە پارتی دا، پێموایە ئەمجارەش ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی كەركووك دەنگ بە پارتی دەدەن، چونکە راستگۆیی و ئایندە لە پارتی دەبینن، ئەگەر پارتی دەسەڵاتی لابێت، دەزانن پارێزگاری و خزمەتگوزاری و ئاوەدانی بە ناوچەکان دەگەیەندرێت.“

ئەندامەکەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی لەو بڕوایەدایە لەم هەڵبژاردنە نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەب و تورکمان و  کلدان و ئاشوور و سریانیش دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدەن، چونکە دەزانن ئەگەر کەرکووک لە دەست پارتی بێت، لە دەستێكی ئەمیندایە و ئاسایشی تێدا بەرقەرار دەبێت.“

لەبارەی ئەوەی لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی میكانیزمی جنێودان و هێرشكردنە سەر پارتی بەكار دەهێنێت تاوەكو كەسانێك دەنگی پێ بدەن، دیاری حسێن گوتی: ”ئەمە عادەتیانە و لە سلێمانی، کەرکووک، گەرمیان، راپەڕین تا ئێستا لەسەر ئەو عەقڵەن کە پێیان وایە بەدژایەتیکردنی پارتی دەنگیان پێ کۆ دەبێتەوە!”

Back to top button