مەسرور بارزانی: ساڵانە 70 ملیار دینار بۆ چارەسەری شێرپەنجە خەرج دەکرێت
ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبوانی ڕێزدار ڕۆژ باش
من ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم كە بەردی بناغەی ئەم سەنتەرە گرنگە لە شاری دهۆك دادەنێین كە یەكەمین سەنتەری چارەسەركردنی تووشبوانی نەخۆشیی شێرپەنجەیە لە دهۆك و یەكەم جارە ئەم خزمەتە لێرە دابین دەكرێت، ئەویش چارەسەركردنی تیشكی، یاخود (بێلێنیك ڕیدیەیشن)ـە. تاوەكوو هاووڵاتییانی خۆشەویستی پارێزگای دهۆك پێویستییان بەوە نەبێت كە نەخۆشەكانی خۆیان بۆ دەرەوەی وڵات، یان شارەكانی دیكە بنێرن. هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆیدا و بە كوالێتییەكی باش و ئاستێكی بڵند تەواو بكرێت.
جێی خۆیەتی سوپاسی (ئیگڵ كراوند كۆمپەنی) بكەم بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە كە ئەركێكی پیرۆزە و هیوادارم جێی سوودمەندبوونی هەموو خەڵكی كوردستان بێت.
ئەمڕۆ نەخۆشیی شێرپەنجە لە جیهاندا كێشەیەكی مەزنە، سەرەڕای پێشكەوتنی باش لە بواری تەندروستی، بەڵام بەداخەوە ساڵانە بە هۆكار و فاكتەری جیاواز و ئەو گۆڕانكارییەی لە بواری (ژینگە، شێوازی ژیان، جینات و خواردن) و زوو دەستنیشاننەكردنی دیتنەوەی حاڵەتەكانی شێرپەنجە، ملیۆنان خەڵك لە جیهان گیانیان لەدەست دەدەن.
لە هەرێمی كوردستان چەندین نەخۆشخانە و سەنتەری چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە هەن كە مانگانە هەزاران كەس بە مەبەستی چارەسەر، سەردانی ئەو سەنتەرانە دەكەن. بە تایبەتیش خەڵكی زۆر لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقەوە سەردانی ئەو نەخۆشخانانە دەكەن.
بێگومان چارەسەركردن، بەتایبەتی نەخۆشیی شێرپەنجە خەرجیی زۆرە، بۆیە لە وڵاتانی پێشكەوتووش، زۆر دامودەزگا و ڕێكخراوی خێرخوازی و كەسایەتی، هاوكاریی و پشتیوانیی ماددیی سەنتەرەكانی نەخۆشیی شێرپەنجە دەكەن.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەتمان بۆ سندووقی هاریكاریی تووشبوانی شێرپەنجە هەیە، لە ڕێی ئەم سندووقەوە ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار خەرجی بە مەبەستی دەرمان و ئامێر و پێویستییە پزیشكییەكان بۆ نەخۆشیی شێرپەنجە دابین دەكرێن.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان توانای پزیشكی و زانستی و هەر خزمەتگوزارییەكی دیكەی گرێدراو بە چارەسەریی شێرپەنجە لەبەردەستن و ئێمە بەردەوام دەبین و كار دەكەین بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژیشدا ئەم خزمەتگوزارییانە بەردەوام بن.
لێرەوە بەپێویستی دەزانی دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی و سندووقی كۆمەكی تووشبوانی شێرپەنجە و تەواوی نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی چارەسەریی شێرپەنجە و هەموو پزیشك و كارمەندانی ئەو بوارە بكەم. من ڕێز و حورمەتم بۆ ئەرك و ماندووبوونی ئەوان هەیە.
ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ هاتنە پێشەوەی چەندین قەیرانی وەك كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و نەناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵییەوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی توانا داراییەكانی بەردەستی خۆی هەوڵی ئەوەی دەدا خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەكان بەرەوپێش ببات. داوا لە حكوومەتی فیدراڵی دەكەین، لە ڕووی دابینكردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكییەوە پتر هاوكار و هاریكار بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ بوون.
من هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەمەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی نەخۆشانی شێرپەنجە و باشتركردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتی و پێشكەشكردنی چارەسەر و فراوانكردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە دەرەوەی سەنتەری شارەكان. هەروەك داواش لە ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و كەسایەتییە خێرخوازییەكان و هەر دەستپێشخەرییەكی مرۆڤدۆستانە دەكەین، كە هاوكاری و پشتیوانیی نەخۆشانی شێرپەنجە و نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی چارەسەریی ئەو نەخۆشییە بكەن. هەروەها داواش لە هاونیشتمانییانی ڕێزدار دەكەین كە بە مەبەستی سەلامەتیی خۆیان و خێزانیان، ڕینمایی تەندروست لەبەرچاو بگرن و ژیانێكی تەندروست و خواردنێكی پاك و تەندروست بۆ خۆیان هەڵبژێرن، پاكوخاوێنیی ژینگە بپارێزن، بە شێوەیەكی ڕێكخراو وەرزش بكەن، زوو پشكنین بۆ خۆیان بكەن تاوەكوو زوو ئەگەر خوانەكردە كێشەیەكی تەندروستی هەبێت، بدۆزرێتەوە و چارەسەر بكرێت.
لە كۆتاییدا هیوای سەلامەتی بۆ هەموو ئەو نەخۆشانە دەخوازم كە نەخۆشیی شێرپەنجەیان هەیە، هیوادارم زوو چاك ببنەوە. ئەوەش دووپات دەكەینەوە كە هەرچییەكمان پێ بكرێت بۆ چارەسەركردن و هاوكاریی ئەوان، ئینشائەڵا تەقسیری ناكەین.
هەر شاد و ساخلەم بن و كوردستان هەر ئاوەدان بێت. گەلێك سوپاس.