مەسرور بارزانی: نەناردنی مووچە لە لایەن بەغداوە بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی هەرێم بەکار دێت
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی خولی 28ـەمینی زانکۆی دهۆک کرد و لە وتارێکدا کە پێشکەشی کرد رایگەیاند، ئەگەر یەکتر قبوڵکردن و دادپەروەری هەبێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە یەکێک لە ناوچە پێشکەوتووەکانی جیهان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوموتی هەرێمی کوردستان لەسەرتای گوتارەکەیدا پیرۆزبایی لە دەرچووان و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچووانی خولی 28ـەمینی زانکۆی دهۆک کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ قۆناغی دوای زانکۆ بۆ دەرچووان خواست.
سەرۆکی حکومەت راشیگەیاند: زانکۆی دهۆک لە هەلومەرجێکی سەختدا دامەزراو و بە خۆڕاگری و ماندووبوونی مامۆستایانی زانکۆکە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بەرەو پێش دەچێت و ئەمڕۆ زناکۆی دهۆک یەکێکە لە زانکۆ هەرە باش و گرنگەکانی کوردستان و بەشێک لە دەرچووانی ئەم زانکۆیە لە شوێنی جیاوازدا بەرپرسی بەرچاون و خزمەت دەکەن
گوتیشی: “لە ئاستی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەراست ئاڵۆزیی و شەڕ بەردەوامن، مەترسی تەشەنەسەندنی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هەیە.”
مەسرور بارزانی ئاماژەشی بەوە شدا:”لە ئاستی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ بەردەوامن و مەترسی تەشەنەکردنی ئەو ئاڵۆزییانە هەیە و ئێمەی کورد دەزانین دەرئەنجامی شەڕ چەند وێرانکەرە و بۆیە داوا دەکەین کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان بێت و کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل رابگیرێت و کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.”
لە گوتارەکەیدا هەروەها سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر کێشەکانی هەولێر و بەغدا و رایگەیاند: “هەموو هەوڵێکمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوە، بەهەموو شێوەیەک هاوکاربووینە و ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە، چاوەڕێ دەکەین مافەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستبەر بکرێن.”
مەسرور بارزانی، گوتیشی: “دواخستنی مووچەی فەرمانبەران هەموویان بۆ گوشار خستنەسەر هەرێمی کوردستان بەکاردێت، ئەم گوشارانە بۆ ئەوەن هەرێمی کوردستان واز لە مافە دەستوورییەکانی بهێنێت، سوپاسی خۆراگری خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، هیوامان بە داهاتووی گەلەکەمان بەهێزە.”
هەروەها ئاماژەشی بەوەدا: “چەند ئاستەنگمان بۆ دروست بکەن دەرگای نوێ دەکەینەوە.”