مەریوان قەرەنی: ئەوەی پارتی لە كەركووك كردی، لە مێژووی ئەو شارەدا نەكراوە
دوای ئەوەی بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دوێنێ یەكشەممە 5ی 11ی 2023، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێوڕەسمێكی شایستەدا، بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك – گەرمیانی پارتی، پێشكەش بە زانكۆی كەركووك كرا.
لەوبارەیەوە مەریوان قەرەنی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) بڵاویکردەوە: “خۆشبەختانە ئەم جۆرە كردەوەیە هەر لە پارتی دەوەشێتەوە، لە مێژووی كەركووكدا رووینەداوە، كە لایەنێك موڵكێكی گەورەی خۆی پێشكەش بە دامەزراوەیەكی زانستی بكات كە رۆڵەی سەرجەم پێكهاتەكان تیاببیدا سوودمەند دەبن.”
ئاماژەی بەوەش کردووە: “لەوەتەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە تاوەكوو ئەمڕۆ، شۆڤێنییەكانی كەركووك و داردەستە ناوخۆییەكانیان بە بۆنە و بێ بۆنە، بەردەوام هەوڵیان داوە پارتی بەوە تۆمەتبار بكەن كە گوایە حیزبێكە هانی تایفەگەری و دەمارگیری نەتەوەیی دەدات. پارتیش هەرگیز نەچووەتە ژێر باری ئەوەی بە قسە وەڵامی ئەو قسە و قسەڵۆكانە بداتەوە، بەڵام ئەوەتا بە پێشكەشكردنی بارەگاكەی خۆی بە زانكۆی كەركووك، بە كردەوە بۆ هەمووانی سەلماند كە نەك هەر باوەڕی بە سیاسەتی تایفەگەری و دەمارگیری نەتەوەیی نییە، بەڵكو پەیامی پارتی وەكو گەورەترین حیزبی كوردستان و عێراقیش، پەیامی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاسوودەیی و خزمەتگوزارییە بۆ خەڵك. هەر ئەوەش نهێنیی سەركەوتنی پارتیمانە.”