پە*كە*كە دەیەوێ خۆی بخزێنێتە بایكۆتەكەی سلێمانی
چەند هێزێکی سیاسی بە نهێنی و ئاشکرا لەپشت بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی سلێمانی و دەوروبەرییەوەن کە بووەتە هۆی پەكخستن و نادیاری پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵی سنوورەكە.
بەپێی زانیارییەکانی “خواکوڕک” ئاراستەی خۆپیشاندانەكان سەرەتا لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا بوو كە شوێنێکی گرنگە و دەكەوێتە سەر رێگای شەقامی سالم، دواتر بەرەو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی برا. ئەمە بەر لەوەی خۆپیشاندانەكانی ئەم هەفتەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت بەرەو بەردەم دادگای سلێمانی بگوازرێتەوە، ئەمڕۆش لە بەردەم پارێزگا و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بوو و لە ئەگەری بەردەوامیدا ئاراستەی خۆپیشاندانەكان دەبرێنە بەردەم چەند شوێنێكی تر.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، لە تەواوی خۆپیشاندانەكان جگە لە هێزی چالاكییە مەدەنییەكان و پۆلیسی هاتووچۆ، هێزێكی ئەوتۆی تەناهی بوونیان نییە و ئەمەیش دەرخەری ئەوەیە كە ئەوانەی سەرپەرشتی كارەكان دەكەن، خۆیان دەزانن كە بەرنامە و پیلانیان چۆنە و بەرەو كاری گێرە شوێنی هەنگاو نانێن.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە “خواکوڕک”ی راگەیاند، زانیاری وردم هەیە كە بەشێكی بەرچاوی میدیا فەرمی و سێبەرەكانی (یەكێتی، گۆڕان، نەوەی نوێ، ئیسلامیەكان و پە*كەكە ) بە پلەی یەكەم، لەناو خۆپیشاندانەكاندان و رووماڵی زیاد لەپێویست دەكەن. ئەوەشی نەشاردەوە كە پە*كەكە دەیەوێ خۆی بخزێنێتە ناو بایكۆتەكەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا، كاری راگەیاندن مامەڵەکردنە لەگەڵ رووداوە گەرمەكان، بەڵام پێشتر بەشێكی ئەو میدیایانەی ئێمە رۆژانە لەناو مامۆستایاندا دەیانبینین، پێشتر گرنگیان بەبایكۆت و ناڕازایەتیەكان نەدەدا و ئەوەش ئەو راستییەكە ئاشکرا دەکات كە حیزبەكانیان لە پشتیەوەن و داواكاری ئەوانە رۆژانە پەیامێنر و كامێرامانیان دەنێرن.”
“خواکوڕک” زانیویەتی یەكێتی لەسەر بەردەوام بوون یان شكانی بایكۆتی ناوەندەكانی خوێندن، دابەشی چەند ئاڕاستەیەك بوون و ناڕازیەكانی گۆڕان و نەوەی نوێش، پشتگیری ئەوانەن كە بەردەوامی بەخۆپیشاندانەكان دەدەن.