رێبەر ئەحمەد: یاساکان لە عێراق جێبەجێ ناکرێن پشتگوێ دەخرێن

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێراق لە (چاتام هاوس ) گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: لەماوەی رابردوودا کە دیکتاتۆرەکانی عێراق رووخاون، عێراق چووەتە سیستەمێکی فیدڕاڵییەوە بەڵام فێدڕاڵییەکەی تەواو نەبووە،

دەشڵێت: حکومەتی فیدراڵی وا دیزاین و نەخشە رێژکراوە و کە رێگری لەوە بکات کارەسات بەسەر کورد و سوننە و شیعەکان بێنێت، ئەو بنەمایانە زۆربەیان رووبەرووی ئالنگاری بوونەوە، هەروەها مەترسیش هەبووە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و لاوازکردنی دەستوور، بەتایبەتی ئەو دەستوورەی کە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بەشدارییان لە نووسینەوەیدا کردووە.

گوتیشی، هێشتا کاری زۆر ماوە کە عێراق بخەینە سەر فیدڕاڵیزم، کە لە ماوەکانی رابردوو هەمیشە سەنتراڵیزم بووە، بەتایبەت ئەو سیستەمەی کە پەیوەندی بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هەیە، باسی لەوەشکرد، کوردەکان تاوەکو ئێستا لە کەرکووک و دەورووبەری دەردەکرێن.

دەشڵێت: دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدراڵی، ئامانج لێی سیستەمێکی فیدڕاڵی و دابەش کردنی داهاتەکان بوو، هەروەها ئەم یاساییانە ماف دەدات بە پێکهاتەکان، بەڵام ئەم یاساییانە پشتگوێ خراون و تاوەکو ئێستا بوونییان نییە.

جەختیکردەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر ئاراممان گرتووە، بەڵام هێشتا داوای مافەکانمان دەکەین، تاوەکو ئێستا ئێمە مووچەی مانگانەمان دوادەخرێت، کە ئەمە مافێکی سەرەتایی خەڵکی کوردستانە، بۆیە نابێت رێگە بدرێت ئەم دواخستنەی مووچە بەردەوام بێت.

باسی لەوەشکرد: دوای رووخانی رژێمی پێشوو، خەڵک شایەنی ژیانی باشترن لەوەی کە ئێستا تێیدان، هیوامان خواست کە فیدڕاڵییەک هەبێت هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان تێدا ببیننەوە، لەنێوشیاندا مافی پارەدارکردن و ئاسایش و پشتیوانی حکومەت، کە ئەمە هیچی رووی نەدا.

Back to top button