رۆژنامەیەكی عەرەبی نهێنی هەڕەشەیەكی گەورەی ئەمریكا لە عێراق، ئاشكرا دەکات
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی (العربي الجدید) دوای گەڕانەوەی سوودانی و لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا ئەنجامیدابوو، جەختی لە مەترسی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا کردووەتەوە و کاردانەوەکانی ئەو وڵاتەی لە ئەنجامی هەر هێرشێکدا بەجددی زانیوە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سوودانی داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، کە ڕۆڵ لە خاوکردنەوەی گرژییەکان بگێڕن و ڕێگرییش بکەن لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
رۆژنامەکە ئاشکراشی کردووە، لە سەردانەکەیدا بۆ تاران سوودانی، داوای لە سەركردە سیاسی و ئاینییەكانی ئێران كردووە، دەستوەردان بكەن بۆ راگرتنی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران.
جێی باسە، سەركردەیەكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: ”چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەجێ، دوای گەڕانەوەی سوودانی لە تاران، لە ماڵی حەیدەر عەبادی كۆ بوونەتەوە و ئامادەبووان هۆشدارییەكانی ئەمریكایان لەبارەی بەردەوامی كردنە ئامانجی بنكەكانی سوپای ئەمریكا لە لایەن گرووپە چەكدارەكانەوە تاوتوێ كردووە.”
رۆژنامەکە ئەوەشی روونكردووەتەوە کە سوودانی هەڕەشە جدییەکانی ئەمەریکای بە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لە نێویاندا قەیس خەزعەلی و ئەبوئالائی وەلائی گەیاندووە كە نوێنەرایەتیی سیاسیی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران دەكەن. گوتووشیەتی: ”ئەنتۆنی بلینكن لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، پێی ڕاگەیاندووین، جێبەجێكردنی ئەو هەڕەشانە قەیرانێكی ناوخۆیی مەترسیدار لە عێراق دەخولقێنێت.”
بەپێ ئەو ڕاپۆرتە، سوودانی بە لایەنە شیعەکانی گوتووە: ”وەڵامی ئەمەریكا تەنیا وەڵامی سەربازی نابێت بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان، بەڵكوو سزای ئابووریش دەگرێتەوە و ڕێوشوێنی تریش دەگرێتە بەر، كە ڕەنگە بگاتە ئاستی تێكچوونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە نێوان بەغدا و واشنتۆن، بەو پێیەی هۆشدارییەكانی ئەمەریكا لە ئاستێكی باڵای مەترسیدار بووە.”