به‌غدا له‌ پیلانی برسیكردنی خه‌ڵك بۆ هاندان دژی حكومه‌تی هەرێم شكستی هێنا ‌

ساڵانێکە به‌غدا پیلان دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕێت، بۆ ئه‌وه‌ی لاوازی بكات، به‌ڵام پشتگیری خه‌ڵكی كوردستان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و به‌هێزی ئیراده‌ی خه‌ڵك، شكستی به‌و پیلانەی به‌غدا هێنا.

لەو بارەیەوە دكتۆر ئیدریس ره‌مه‌زان مامۆستای زانكۆ و شاره‌زای ئابووری رایگەیاند، پابه‌ندنه‌بوونی به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ نایانه‌وێت هه‌رێمی كوردستان له‌ڕووی ئابووری به‌هێز بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵانی رابردوودا ترس و دڵه‌ڕاوكێی بۆ به‌غدا و دراوسێكانی به‌غداش دروست كردبوو، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رچه‌ند پابه‌ندی رێككه‌وتن بێت، به‌غدا پابه‌ندی هیچ رێككه‌وتنێك نابێت، ئامانجیان لەوەش برسیكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و لاوازكردنی هه‌رێمه‌ و له‌ رووی ئابووری لاوازی بكات و فشاری خه‌ڵك له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌مێنێت و رژێمی به‌غدا وه‌ك شاره‌كانی تری عێراق هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ببه‌ن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ گوتیشی، “بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان روونبووه‌ته‌وه‌ كه‌ عێراق هۆكاری ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ی دروست كراوه‌یە و پابه‌ندی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان نابێت، بەڵام خۆراگری خه‌ڵكی كوردستان و پشتگیریكردنی به‌رده‌وامیان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وایكردووه‌ سه‌رجه‌م پیلانه‌كانیان دژی هه‌رێمی كوردستان پووچه‌ڵ بكرێته‌وه‌ و شكست بێنێت، چونكه‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان زۆر به‌هێزه‌ و هه‌رگیز كارێك ناكه‌ن هه‌رێم سازش بۆ به‌غدا بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ قووتی خه‌ڵكه‌ و مافی خۆیانه‌ مووچه‌یان پێ بدرێت، به‌ڵام به‌غدا سیاسه‌تی برسیكردن دژی خه‌ڵكی كوردستان پەیڕه‌و ده‌كات.

Back to top button