مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات
ئەمڕۆ شەممە 11ی نۆڤەمبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنى عێراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە تاوتوێ کران.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوورخستنەوەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پاراستنی سەلامەتى هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق.
پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و ئامادەکارییەکان لەم بارەیەوە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.