سەرۆکی حکومەت لەگەڵ وەزیری نەوتی فیدراڵ کۆبووەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی نۆڤەمبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوو، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی رێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هێنانەکایەی لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بەجێگەیاندنی پێداویستیيە دارایی و تەکنیکیيەکانی پرۆسەی هەناردەكردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووری و گرێبەستەکان و رێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجی شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم کە لەناو بودجەی حكومەتی فیدڕاڵ تەرخانکراوی پێویستی بۆ دانراوە.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە و پێویستە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە. لەمبارەیەوە وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی راسپارد کە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ تیمی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکەن کە بڕیارە بۆ چەند رۆژێک لە هەولێر بمێننەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدڕاڵ، خواستی حکومەتی فیدڕاڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕی و ئەم داوایەشی بە ناوی سەرۆکوەزیران و حکومەتی فیدڕاڵ خستەڕوو، ئەویش لە رێگای دهستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە.
لە کۆتاییدا بڕیاردرا کە هەردوو وەزارەت درێژە بە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەکان لەسەر وردەکارییە قانونی و دارایی و تەکنیکیيەکان بدەن تاکو بە لەیەکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە، چارەسەرەکان بخرێنەڕوو بە ئامانجی ئەوەی لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەست پێ بکاتەوە کە رۆڵێکی بەرچاوی لە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی گشتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و خەرجکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی گشتی دەبێت.