لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە سلێمانی دەگاتە هێڵی سوور و مەترسی فەوتانی خوێندنەكەی هەیە
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە كە نزیكەی دوو مانگ دەبێت، پرۆسەی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە، بەڵام لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان، بەهۆی هاندانی سیاسییەوە، هێشتا پرۆسەی خوێندن دەستی پێنەكردووە و میدیاكانی سەر بە حیزبی باڵادەستی ئەو دەڤەرە و ئۆپۆزسیۆنیشیان پێكەوە هانی مامۆستایان دەدەن تاوەكو نەچنەوە قوتابخانەكان. تەنانەت ئەو مامۆستایانەشی كە بایكۆت دەشكێنن، هەڕەشەیان لێ دەكرێت یان لە سۆشیال میدیاوە سووكایەتییان پیدەكرێت.
لەمبارەیەوە فازڵ شەوڕۆ، شارەزای پەروەردەیی هۆشداری دا و باسی لەوە كرد كە نزیكەی 60 رۆژە پرۆسەی خوێندن دواكەوتووە لە كاتێكدا بە گوێرەی یاسا و پڕۆگرامی خوێندنی دانپێدانراوی رێکخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بێت، هەروەها گوتیشی، ”نابێت ساڵی خوێندنی فێرخواز لە 186 تا 165 رۆژی خوێندنی فەرمی کەمتر بێت. بێگومان ئێستا ئێمە 26 هەفتە دەرفەتی خوێندنمان لە بەردەستدا نەماوە، کە خۆی نابێ لە 38 هەفتە کەمتر بێ.“
ئەو شارەزا پەروەردەییە هۆشدارییشی داوە كە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە، ”ئێمە دەگەینە هێڵە سوورەکە، کە ئەگەری ئەوە هەیە خوێندنی ئەمساڵ لە لایەن رێکخراوی یونسكۆ بەتاڵ بکرێتەوە. چونکە هیچ هۆکارێکی سرووشتی یان حاڵەتی جەنگ یان باری نائاسایی لە گۆڕێدا نییە.“
شەوڕۆ ئاماژەی بەوەشدا کە ئەزموونێكی هاوشێوەی ئەم دۆخەی ئێستا هەیە، كاتێك لە ساڵی 1959دا عەبدولكەریم قاسم، یەكەم سەركۆماری عێراق بڕیاری دا هەموو قوتابیانی پۆلی پێنجەمی ئامادەیی بە هەرسێ بەشی (زانستی، ئەدەبی و پیشەیی) بە دەرچوو هەژمار بكات، كەچی ”رێكخراوی یونسكۆ دانی بەو دەرچوونەدا نەنا و یەك هەڵگری ئەو بڕوانامەیە نەیتوانی لە دەرەوەی عێراق درێژە بە خوێندن بدات.“