کۆبوونەوەی بەرفراوانی رەوەندی کوردستانی لە ڤییەنا

رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 12ی نۆڤەمبەری 2023، ناوەندی رەوەندی کوردستانی بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ رەوەندی کوردستانی لە شاری ڤییەنای وڵاتی نەمسا ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی وتارێکی پێشکەشکرد. لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی پاراستنی زمان و کلتوری کوردستانی و بەهێزکردنی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کرد، و داوای لە ئامادەبووان کرد کە یەکگرتووبن و بێنە ناو کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بۆ پاراستنی زمان و شوناسی کوردستانیان و هێنانەدی ئامانجی نەتەوەییان.
لە بەشێک لە وتارەکەیدا بەڕێز سەرپەرشتیکاری گشتی رەوەندی کوردستانی باسی لەوە کرد کە زمان کۆلەکەی مانەوەی گەلانە و گوتی: جەنابی سەرۆک بارزانی گرنگی بە بابەتی پاراستنی زمانی کوردی و فێرکردنی نەوەکانی داهاتوومان دەدات و دەخوازێت زمانی کوردی بگات بە سەرجەم کوردستانیانی دیاسپۆرا.
هەروەها بەڕێزیان سوپاسێکی بێ پایانی بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پاڵپشتی بەڕێزیان لە کارەکانی کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی دەیان کوردستانی هەرچوار پارچەی کوردستان و نوێنەری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و کۆمەڵە کوردستانییەکانی ڤییەنا بەسەرکەوتوویی کۆتایی هات و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری کوردستانیان بێنە نێو کۆنفدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی.

 

Back to top button