محه‌مه‌د شیاع سوودانی و ئومێد خۆشناو كۆبوونه‌وه‌

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق له‌ شاری به‌غدا، سەردانی محەمەد شەیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵی کرد.

لەدیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر دوای گەیاندنی سڵاو و ڕێزی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە گشتی کرا.

پارێزگاری هەولێر باسی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەری و لێکەوتەکانی و کێشەکانی کەمی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوەی ژێرزەوی لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەو پڕۆژانە کرد کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ کراوە و تیشکی خستە سەر ڕێگە چارەسەرییەکان کە بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر، لەوبارەیەشەوە ئاماژەی بەوە دا وەک پارێزگای هەولێر و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای هەر بارودۆخێك، پڕۆژەی زۆر و تایبەتمان بەو پرسە ئەنجامداوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی قەیرانی دارایی وەک پێویست نەتوانراوە بابەتە ستراتیژییەکان دەستی بۆ ببردرێت، تەنها رێکارە کاتییەکان کراوە.

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر باسی لە سەردانی شاندێکی پارێزگای هەولێر کرد بۆ وڵاتی سعوودییە و دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە و پێدانی قەرزی سعوودییه‌ لەپێناو چارەسەری گرفتی کەمئاوی و مەترسییەکانی لافاو و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەنجامدانی چەندین پڕۆژە لەو بوارەدا لەنێویشیاندا دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی چوارەمی ئیفرازی هەولێر کە پڕۆژەیەکی ستراتیژیی و تاڕادەیەکی زۆر کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر دەهێنێت.

ئومێد خۆشناو گوتیشی: بەخۆشحاڵییەوە وڵاتی سعوودییە ڕەزامەندبووە بە پێدانی ئەو قەرزە بە هەولێر، هەموو ڕێکارەکانیش بەکۆتا هاتوون و ئێستا نووسراوی تایبەت لە نووسینگەی بەڕێزتانە و تەنیا رەزامەندی ئێوە ماوە بۆ وەرگرتنی قەرزەکە، ئومێد دەکەین ئێوه‌ش هاوکار و ڕەزامەندبن.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای سڵاو و ڕێزی بۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە كه‌ بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکار و هەماهه‌نگ دەبێت و هەرچی ئاسانکارییە پێشکەشی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفت و کێشانەی ئاماژەیان پێ کرا.

Back to top button