چەند دەستڕۆیشتووێكی یەکێتی لە سنووری سلێمانی موڵكێك بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار داگیر دەكەن
پارێزەرێك ئاشكرای دەكات، چەند كەسێكی سەر بە حیزبێكی سیاسی، موڵكێكی گەشتیارییان لە سنووری قەزای دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی داگیر كردووە.
ئاسۆ هاشم، پارێزەر كە خۆی وەك پارێزەری كەیسەكەش ناساندووە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، موڵكێكی گەشتیاریی لە گوندی سارتكەی سەر بە شارۆچكەی دوكان داگیر كراوە كە بەهاكەی دوو ملیۆن دۆلارە.
روونیشی كردەوە كە ئەو كەسانەی موڵكەكەیان داگیر كردووە، ”كەسە دەستڕۆیشتووەكانی سەر بە حیزبێكی سیاسین.“
جەختی كردۆتەوە كە بەهۆی داگیركردنی ئەو موڵكەوە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی 11ی 2023 لەبەردەم دادگای سلێمانی پرێس كۆنفرانسێك ئەنجام دەدات.
جێگەی باسە داگیركردنی موڵك و ماڵی خەڵك و موڵكی گشتی لە لایەن كەسانی دەستڕۆیشتووی سەر بە حزب و كەسە باڵادەستەكانی سلێمانی و دامەزراوە حزبییەكانی ئەو دەڤەرە، یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان و بەردەوام پارێزەران و پەرلەمانتاران و چالاكان باس لەوە دەكەن كە هەزاران دۆنم زەوی لە سنووری سلێمانی كە بەهاكەیان ملیارەها دۆلارە، داگیر كراون و لەو پێناوەشدا باخ و دارستانی سرووشتی سووتێندراوە و گرد لابراوە و پێكهاتەی تۆپۆگرافیی هەندێك شوێنیش گۆڕانیان بەسەردا هێندراوە.