سوبحی مەندەلاوی: پارتی و سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری کوردانی فەیلی بوونە
کەسایەتییەکی کوردی فەیلی پێی وایە، پارتی و سەرۆک بارزانی کاری زۆریان بۆ کوردانی فەیلی کردووە، دەشڵێ: داوا لە کوردانی فەیلی دەکەم لەھەر کوێیەکبن دەنگ بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن بۆ ئەوەی زیاتر مافەکانیان زامن بکرێت.
سوبحی مەندەلاوی، کەسایەتی کوردی فەیلی رایگەیاند: کوردانی فەیلی وەک بەشێکی رەسەن و دانەبڕاوی نەتەوەی کورد زۆربەیان کەوتوونەتە سنووری ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور و شاری بەغدا، بەداخەوە کاری زۆر لەسەر پەرتەوازەیی کوردانی فەیلی کراوە ھەر لە خانەقین و مەندەلییەوە بگرە تا بەغدا، لەبەر ئەوەش کوردانی فەیلی ئێستا دابەشبوونیان پێوە دیارە و ھەندێ لایەن دەیانەوێ بەکاریان بێنن.
ئەو کەسایەتیەی کوردی فەیلی گوتیشی: کوردانی فەیلی نەحیزبایەتی و نە مەزھەب کاریگەرییان لەسەر کوردبوونیان نەکردووە، لەھەر کوێیەک کوردی فەیلی ھەبن شانازی بە کوردبوون و ناسنامەی خۆیانەوە دەکەن، بەڵام نایشارینەوە چەندین لایەنیش کار لەسەر کوردانی فەیلی دەکەن.
سوبحی مەندەلاوی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پارتی و سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئێش و ئازاری کوردانی فەیلی بوونە و کوردانی فەیلیش شانازی بە ھەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانییەوە دەکەن، لەبەر ئەوەش داوا لە کوردانی فەیلی دەکەم دەنگ بە لیستی ١٩٧ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە پارتی پشتگیرییان دەکات، چونکە سەرکەوتنیان دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەرگری لە کوردانی فەیلی.