كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا روو لە كوردستان دەكەن

بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانیی ھەرێمی کوردستان، بۆ رۆژنامەی باسی ئاشكرا كردووە، بڕیارە چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی ئەمەریکی بێنە کوردستان و وەبەرھێنان و بازرگانی بکەن.
دڵزار ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵی ٢٠١٣ ئێستا تۆمارکردنی کۆمپانیاکان ٨٠% کەمی کردووە، بەڵام تۆمارکردنی کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەردەوامیی ھەیە و نەوەستاوە، گوتی: “ئێستا نزیکی ٢٢ ھەزار کۆمپانیای خۆماڵی، لەگەڵ ٣ ھەزار و ٢٠٠ کۆمپانیای بیانی لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، کە زۆربەیان تورکی و ئێرانی و ئیماراتی و بەریتانی و ئەمەریکین. یەکەم کۆمپانیای خۆماڵی لە ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٥ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٠یش یەکەم کۆمپانیای بیانی کە کۆمپانیایەکی تورکی بوو، مۆڵەتی وەرگرتووە”.
دڵزار ئیسماعیل ڕوونی دەکاتەوە، لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٣٠ کۆمپانیای تازە ھاتوونەتە ھەرێمی کوردستان و تۆمار کراون، لە ساڵانی پێشوو ژمارەکە زۆر زیاتر بوو: “پاش شەڕی داعش کۆمپیانیا بیانییەکان دەگەڕێنەوە کوردستان و دەست بە کار دەکەنەوە و کۆمپانیای تازەش تۆمار دەکرێن”.
بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان ئەوە دەخاتە ڕوو، بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ زیادکردنی رسومات لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان ھۆکارە بۆ کەمبوونەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و داوا دەکات پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بکرێت.

ئاشکراشی دەکات، زیاتر لە ٣٠٠ کۆمپانیای نەوتی لە ھەرێمی کوردستان لە لای ئەوان تۆمار کراون و کار دەکەن.

وێرای ئەوەی ئەمەریکا ١١٨ کۆمپانیای لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەڵام بڕیارە چەند کۆمپانیایەکی زەبەلاحی ئەمەریکی بێنە کوردستان و دڵزار ئیسماعیل ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە، گوتیشی: “لە ماوەی ڕابردوودا شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەمەریکایان کرد، بڕیارە بەم نزیکانە کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرھێنان و بازرگانیی زەبەلاحی ئەمەریکی بێنە کوردستان و دەست بە کار بکەن”.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، بەشێک لە کۆمپانیاکان بە تایبەت ئەوانەی ساڵانی پێشوو دامەزراون خۆیان لە باج دەدزنەوە، گوتی: “لەدوای دامەزراندنی کۆمپانیا، ئێمە ھیچ ئیش و کارێکی کۆمپانیاکان جێبەجێ ناکەین تاوەکو لە باج نووسراوێکی پشتگیری دەھێنن کەوا ھیچ باجێکیان لەسەر نییە و قەرزار نین، بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانیش دەتوانن داوای یاسایی لەسەر ئەو کۆمپانیایانە تۆمار بکەن کەوا چەند ساڵێکە باج نادەن”.

دڵزار ئەوەشی خستە روو کە پرۆژەیەکیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران کە پێوەستە بە سیستەمی تۆمارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان، کە ئەوەش جیاواز دەبێت لە عێراق، چونکە عێراق سیستەمی سۆسیالیستییە و ئەوەی کوردستانیش سیستەمی بازاڕی ئازادە و ھانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدات بێنە کوردستان.

 

Back to top button