لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی نەینەوا جێبەجێکرا

لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری نەینەوا جێبەجێکرا و 280 خێزانی دیکەی سنووری زوومار گەڕانەوە زێدی باب و باپیرانیان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەزگایی میدیایی (خواکوڕک)، دوای ئەوەی خەڵکی گوندی شێخان سەر بە ناحیەی زوممار داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد ڕێگەیان بدەن بگەڕێنەوە گوندەکەیان، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کردن و لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا گوندەکەیان ڕادەست کرایەوە.

گەڕانەوەی دانیشتوانی گوندی شێخان دەبێتە قۆناغی دووەمی گەڕانەوەی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا کە ماوەیەک پێش ئێستا 17 گوندی سنووری خازر گەڕانەوە زێدی خۆیان.

شێخ عەبدودی عەزیزی سەرۆک هۆزی شەرابیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سوپاسی هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کوردستان دەکەین بۆ هاوکاریکردنمان.

گوتیشی: هۆزەکەمان کە یەکێکە لە هۆزە گەورەکانی ناوچەکە دەنگ بە بەربژێرەکانی پارتی دەدەین و ئەو هەڵوێستە گەورەیەی سەرۆک بارزانی لەبیر ناکەین.

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

Back to top button