مامۆستایەك: مامۆستایانی سلێمانی لەژێر فشاردان، ئەگینا حەز دەكەن بگەڕێنەوە قوتابخانەكان

مامۆستا هەرێم جەمال رەوف دەڵێت “ئیرهابی فكری سلێمانی بەڕێوەده‌بات، ئه‌مه‌ وای كردووه‌ له‌ سلێمانی ئەو مامۆستا و بەڕێوەبەرانەی حه‌ز بكه‌ن ده‌رگای قوتابخانه‌كان بکرێتەوە، هێرشیان بكرێته‌ سه‌ر و جنێویان پێ بدرێت.“

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش دا ” له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سلێمانی داوای كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخانه‌كانم كردووه‌، راسته‌وخۆ هەڕەشە لەسەر ژیانم هه‌یه‌، له ‌گرووپه‌كان ژماره‌ی ته‌له‌فۆنم و وێنه‌م بڵاوده‌كرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هەڕەشەم لێبكرێت، چونكه‌ من گوتوومه‌ بایكۆت ده‌چێته‌ خزمەتی لایه‌نێكی سیاسی. من گوتوومه‌ ته‌نیا مامۆستا بێ مووچه‌ نییه‌، هه‌موو چین و توێژه‌كانی دیكه‌ بێ مووچه‌ن، ناكرێت قوتابی باجی ململانێی سیاسی بدات و ئه‌مه‌ ئه‌مری واقیعه‌، ئه‌مه‌ بابەتێكی سیاسییه‌ و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌ پرسی بایكۆتی سلێمانیدا، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە ڕۆژی 3ی 12 هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتی مامۆستایانه‌ و ئامانجەكەش ئەوەیە كە چەند حیزبێك دەیانەوێ لە هەڵبژاردنەكەی ئەو رۆژەدا دەنگی مامۆستایان بەدەست بهێنن تاوەكو دواتر بتوانن بە ویستی خۆیان تەحەكوم بە یەكێتی مامۆستایان بكەن.“

مامۆستا هەرێم جەختیشیکردەوە: ”خه‌ڵكێكی زۆر هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت ده‌رگای خوێندن بكرێنه‌وه، به‌داخه‌وه‌ له‌ سلێمانی هەوڵی ئەوە دەدەن دەستی چەوری خۆیان بە وەزارەتی پەروەردە بسڕن و ئۆباڵی فەوتاندنی ئەمساڵی خوێندن بخەنە ئەستۆی خەڵكی تر، لە كاتێكدا تەنیا ئەوانە بەرپرسیارن كە هانی بایكۆتكردنەكە دەدەن.“

ئەو مامۆستایە ئەوەشی دركاند، كە ئەوانەی هانی بایكۆتكردن دەدەن، هەر مامۆستایەك بگەڕێتەوە هۆڵەكانی خوێندن، لە چەند گرووپێك وێنە و ناو و ژمارە تەلەفۆنی بڵاودەكەنەوە تاوەکو سووكایەتی پێ بكرێت، بەم شێوەیەش تووشی ترس و تۆقاندنی دەكەن و ناچاری دەكەن بگەڕێتەوە بۆ بایكۆتەكە، لایەنە ئەمنییەكانیش لێی بێدەنگن. گوتیشی: ”ئێستا زۆر لە مامۆستایانی سلێمانی تێگەیشتوون كە بۆ بەرژەوەندی حیزبی بەكار هێندراون، زۆریش دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام ئەوەی كە دەزانن هەڕەشەیان لێدەكرێ و سووكایەتییان پێ دەكرێ، وایان لێدەكات نەوێرن بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن.“

Back to top button