روونکردنەوەیەک لە رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی نۆڤەمبەری 2023، د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “بەر لە چەند رۆژێک پەیجێک بە ناوی (زەردەشتییەکان) قسەیەکیان بە ناوی من کردووە لەبارەی ژمارەی پەیڕەوانی ئاینی زەردەشتی. لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە کە بە هیچ شێوەیەک باسمان لە هیچ ژمارەیەک نەکردووە کە لە کوردستان ئاینی خۆیان گۆڕی بێت، ئاشکرایە لە هەرێم هیچ سەرژمێرییەک ئەنجام نەدراوە بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان پێکهاتەکان بە فەرمی بزانرێت و ئەو ژمارانەی کە بڵاویش دەکرێنەوە فەرمی نین، بەڵکو پەیڕەوانی ئایینەکان خۆیان بڵاویان دەکەنەوە.”

ئاماژەی بەوەش داوە: “ئێمە هەمیشە بە شانازییەوە دەڵێین هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە کە تیایدا هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بە ئازادی دەژین مافەکانیان بەپێی یاسا پارێزراوە.”

روونیشی کردووەتەوە: “لەرووی ئیدارییەوە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێکهاتە ئاینیەکانی (ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئە مەندائی) نوێنەرایەتییان هەیە، لەلایەکی دیکە و بەڕێوەبەرایەتی (پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان) دامەزراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان گشت پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکسانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات.”

ئەوەشی خستووەتە روو: “لێرەوە داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکەم بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانیشەوە پابەندبن بە ئیتیکی رۆژنامەوانی لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە شێوەیەکی دروست و ورد.”

راشی گەیاندووە: “یاسای کاری رۆژنامەوانی روون و ئاشکرایە لەم روانگەیەوە، لە هەمان کاتدا بوونی یاسایەک بۆ رۆژنامەنووسی ئەلیکتڕۆنی بە گرنگ دەزانین بە مەبەستی رێکخستنی ئەم بوارە.”

Back to top button