مەریوان قەرەنی داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكا یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە تەرخان بكات
ئەمڕۆ شەممە 18ـی 11ـی 2023، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقلە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە و دەڵێ، لە یاداشتێكی فەرمیدا داوامان لە وەزیری بەرگریی عێراق كردووە، وەك پابەندبوونێك بە مادەكانی 14 و 132ی دەستووری عێراق و یاسای دامەزراوەی شەهیدان، فەرمان بدات بە لایەنە پێوەندیدارەكانی نێو وەزارەتەكەی بە مەبەستی هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی تۆماركردنی ناوی ئەو شەهیدانەی كە كەسوكاریان ئەو مافانە دەیانگرێتەوە كە تایبەتن بە مافی كەسوكاری شەهیدان، لەنێویشیاندا تەرخانكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.
قەڕەنی زیاتر دەڵێ، هەر لەو یاداشتەدا ئەوەمان وەبیر وەزیری بەرگریی عێراق هێناوەتەوە كە 500 یەكەی نیشتەجێبوون (لە شێوەی شوققە) پێشكەش بە كەسوكاری شەهیدانی پارێزگای كەركووك كراوە، بەڵام هیچ كەسێك لە كەسوكاری پێشمەرگەكان لێی سوودمەند نەبوو، لە كاتێكدا سەدان كەس لەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش شەهید بوون، خەڵكی كەركووكن.
باسی لەوەش كردووە، جیاكردنەوەی پێشمەرگە لە هێزەكانی دیكەی عێراق، سەرپێچیی بنەما سەرەكییەكانی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و كارنامەی حكوومەتی فیدراڵییە كە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی پێ داوە. بۆیە داوامان كرد كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ داواكارییەكەمان بگیرێتە بەر و لە ئەنجامەكەشی ئاگادار بكرێینەوە.